رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان دەڵێت، "لە شارۆچکەی هەریر کچێکی تەمەن 13 ساڵ لەبری قەرز دەدرێتە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ و ئەو پیاوەش چوار جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە." دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، پیاوە 40 ساڵانەکە روونکردنەوەی دا و گوتی، کارێکی وای نەکردووە، ئەو کچەی وێنەکەی لەگەڵیدا بڵاوبووەتەوە، کچی هاوڕێیەکییەتی و لە موسڵ وێنەکە گیراوە.
بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "قسەمان لەگەڵ کەسوکاری پیاوەکە کردووە گوتویانە ئەو کچەی کە تەمەنی 13 ساڵ و چەند مانگێکە لەبری قەرز لە ماڵێک وەرمانگرتووە و ئێستا دراوەتە پیاوێکی تەمەن 40."
بەگوتەی بەهار مونزیر، دوێنێ پرۆسەی هاوژینیەکە ئەنجامدراوە، "بەڵام مارەبڕینەکە لەڕێگەی مامۆستایەکی ئایینییەوە کراوە و نازانین کە مامۆستاکە سەر بە وەزارەتی ئەوقافە یاخود نا." هاوکات بەهار مونزیر هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو جگە لەو وێنەیەی کە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوبووەتەوە.
سەرۆکی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەدات، کە پیاوەکە پێشتر سێ ژنی دیکەی هێناوە و ئێستا لەگەڵ ژنێکی کورد و ژنێکی دیکەی کە عەرەبە دەژیت. "بەو ژنە 13 ساڵەیشی کە تازە مارەی کردووە دەبێتە خاوەنی سێ ژن و ژنەکەی دیکەیشی تەڵاق داوە."
ئەمە لەکاتێکدایە کە هاوسەرگیریی کچێکی 14 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 51 ساڵی کوردی ئێزدی لە سنووری شێخان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو دواتر جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە "دوای ئەوەی هەواڵی مارەبڕینی شێخ جووقی سەلۆ، تەمەن 51 ساڵان لەگەڵ کچێکی بچووکی شنگال بەناوی ئەلیس بڵاوبووەوە، پەیوەندیمان بە جووقی سەلۆوە کرد، ئەویش پێی راگەیاندین کە هەڵەیەکی کردووە و پەشیمانە و جارێکی دیکە کاری وا دووبارە ناکاتەوە، پرۆسەی هاوژینیەکە هەڵوەشایەوە".
بەگوتەی بەهار مونزیر، کە قسەی لەگەڵ کەسوکاری کچە تەمەن 13 ساڵەکە کردووە "کەسوکاری پیاوەکە بە بە کەسوکاری کچەکەیان گوتوە کە نابێت بڵێن کە لەبری قەرز وەریانگرتووە و کچەکەش بە رەزامەندی خۆی ئەو هاوسەرگیرییەی کردووە."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیان لەبارەی پرۆسەی هاوژینی کچە تەمەن 13 ساڵ و پیاوە تەمەن 40 ساڵەکە داوە و دەڵێن "ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە دروست نییە، هەر مامۆستایەکی ئایینیش مارەی بڕیبێت ئەوا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن."
کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پیاوەکە خەڵکی گوندێکی سنووری هەریرە، بەڵام لە هەریر دانانیشێت."
ئەو سەرچاوانەی بۆ رووداو قسەیان کردووە دەڵێن "تەمەنی کچەکە 13 ساڵە"، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کچەکە تەمەنی 17 ساڵە. تاوەکو ئێستاش رووداو لە هەوڵدایە پەیوەندی بە کەسوکاری کچەکەوە بکات و دواتر زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە.
مەهدی ناسر رەسوڵ کە وێنەکەی لەگەڵ کچێک بڵاوبووەتەوە پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرد و دەڵێت "راستە من سێ ژنم هێناوە، دوو کورد و عەرەبێک، بەڵام ئەو وێنەیەی کە ئێستا بڵاوکراوەتەوە هاوژینی من نییە و ناشزانم کێ وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە." دەشڵێت "هاوژینەکانم لە دایکبووی ساڵانی 1978 و 1984 و 1993ـن، بەڵام ئەو وێنەیەی ئێستام کە لەگەڵ ئەو ژنە بڵاوکراوەتەوە کچی برادەرێکمە شوی کردووە و لە موسڵ وێنەم لەگەڵ گرتووە."
رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان و چەند رێکخراو و رۆژنامەڤانێکی دیکە بەیاننامەیەکیان لەبارەی پرۆسەی هاوژینیەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانی کردووە و دەڵێن" پیاوێکی تەمەن 40 ساڵان بەناوی (مەهدی ناسر رەسوڵ) پیشەی پێشمەرگەیە و خەڵکی ناحیەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوەیە، لەبری قەرز کچێکی قەرزارەکەی کە تەمەنی 13ساڵانە، وەردەگرێت و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات و دوێنی گواستویتیەوە."
ئەو پیاوەی لەبارەی هاوسەرگیرییەکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت " ئەو کچەی لە تەنیشتم دانیشتووە هی برادەرێکمە و هاوژینی من نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ