رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، 5ی شوباتی 2022 بزووتنەوە کۆنگرەی 12یەمی خۆی بە بەشداریی نزیکەی 400 ئەندام لە شاری هەولێر دەبەستێت و "رابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر ناکاتەوە، خۆی نایەوێت و پەیڕەوی ناوخۆش رێگەی پێنادات". گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامییش دەڵێت، "کۆنگرەیەکی نەوعی دەبێت".
سەباز خۆشناو، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی رۆژی سێشەممە 28-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتای ساڵی 2022 و بە دیاریکراوی لە 5ی شوبات کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی دەبەسترێت و رابەری بزووتنەوەی ئیسلامییش بۆ پۆستی رابەری بزووتنەوە خۆی بەربژێر ناکاتەوە، چونکە خۆی چەند جارێک داوای ئەوەی کردووە کە خۆی بەربژێر نەکات، بەڵام ئەندامانی کۆنگرە پێیان باش بووە، هەروەها پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی رێگەنادات هیچ کەسێک لە دوو خوول زیاتر ببێتە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی".
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوە کە لە 25ی کانوونی یەکەم لە سلێمانی بەسترا بڕیارماندا سەرەتای ساڵی 2022 کۆنگرەی 12یەمی بزووتنەوە ببەسترێت کە بڕیارە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و نەوعی بێت".
سەبارەت بە وردەکارییەکانی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستە گوتەبێژی بزووتنەوەکە دەڵێت، "ئێمە لیژنەیەکی ئامادەکاریمان بۆ کۆنگرە راسپاردووە، بۆئەوەی هەموو رێککارە هونەری و لۆجیستییەکان دەستپێبکات و ئەوان وردەکاریی ژمارەی ئەندامان و ئەندامانی سەرکردایەتی و میکانیزمەکانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەمان پێدەڵێن".
سەباز خۆشناو سەبارەت بە دیارترینی ئەو سەرکردانەی ئەگەری هەیە جێگرەوەی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بن، بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا تەنها مامۆستا کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری بزووتنەوە بە فەرمی تۆمار کردووە".
بزووتنەوەی ئیسلامی حیزبێکی سیاسیی ئیسلامییە و کار بۆ چەسپاندنی پەیڕەوکردنی شەرعی ئیسلام دەکات، لە ساڵی 1987 لەلایەن ژمارەیەک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیێندرا و وەکو یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدار لە باشووری کوردستان خۆی راگەیاندووە، لەپاڵ بەشێک لە حیزبەکانی دیکە بەشداریی لە شەڕکردن دژی رژێمی بەعس لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکاندا کردووە.
بزووتنەوەی ئیسلامی وەکو حیزبی دایکی ئیسلامییەکان چەندین جیابوونەوە تێیدا روویانداوە، لەوانە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر؛ جوندولئیسلام بە سەرکردایەتیی ئەبو عەبدوڵڵای شافیعی و باڵی ئیسڵاح و دواتر جوندولئیسلام کە لەلایەن مەلا کرێکارەوە سەرۆکایەتی دەکرا تاوەکو ئەنسارولئیسلام.
بزووتنەوەی ئیسلامی چەندجارێک بەشداریی لە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداربووە، لە کۆنگرەی 11یەمی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان 57 كەس خۆیان بۆ پۆستە جیاجیاکانی بزووتنەوە بەربژێر کردبوو كە دووانیان بۆ رابەری گشتی بوو، هەریەک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و كامیل حاجی عەلی خۆیان بۆ رابەری بزووتنەوە بەربژێر کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ