رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان 11 ناوچە بۆ ماوەی 15 رۆژ لەژێر ناوی "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" قەدەخە کران. بەشێكی زۆری ناوچەکان ئەوانەن کە ئاژەڵدارانی شرنەخ مەڕوماڵاتەکانیان تیایاندا دەلەوەڕینن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخەوە بڵاوکراوەتەوە، لە رۆژی 1ی کانوونی دووەمی 2023ـەوە تاوەکو 15ی کانوونی دووەمی 2023، لە ناوەندی شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، ئەلکێ، قلەبان و باسا 11 شوێن دەبنە "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" و بۆ ماوەی 15 رۆژ بە شەو و بە رۆژ چوون و هاتن بۆیان قەدەخەیە.
لە نێو ئەو ناوچانەدا کە قەدەخەکراون ناوچەی بەستا و چیاکانی گابار و جوودی هەن کە ماوەی دوو ساڵە داربڕین تێیاندا بەردەوامە.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای شرنەخدا ئاماژە بەوەدراوە: بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و بۆ ئەوەی لەکاتی گرتنەبەری رێکار بەرامبەر گرووپە نایاساییەکان، هاووڵاتییان زیانیان بەرنەکەوێت، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری خەڵکی پارێزگای شرنەخ بژێوی ژیانیان بە ئاژەڵداری دابین دەکەن؛ ناوچە قەدەخە کراوەکانیش ئەوانەن کە ئاژەڵداران زۆر سوودیان لێ وەردەگرن بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ