رووداو - تیکاب
لە شاری تیکاب کە بە خاوەنی گەورەترین کانەکانی زێڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناسراوە، هاووڵاتییان لە گرانی و بێکاری دەناڵێنن. خەڵکی شارەکە دەڵێن باش دەزانن لەژێر پێیان چی هەیە، بەڵام سوودەکەی بۆ ئەوان نییە.
هاونیشتمانییان کە بۆ کڕینی پێداویستیی رۆژانە روودەکەنە بازاڕ، لە دۆخەکە نیگەران و تووڕەن، بەتایبەتی کاتێک دەبینن نرخی کیلۆی تەماتە و پەتاتە لەگەڵ رۆژی پێشووتر گۆڕاوە.
سابیر قوربانی، هاونیشتمانییەکی تیکابە و دەڵێت: "خەڵک باش دەزانن لەژێر پێیان چی هەیە، بەڵام گرانی تەنگی پێهەڵچنیون."
لە بازاڕی تیکاب فرۆشیاران دەبنە زمانی حاڵی کڕیاران و گلەیی لە دۆخی گشتیی ئابووری و هەڵاوسان دەکەن. حوسێن مورادی، کاسبکارە و دەڵێت: "جگە لە دۆخی گشتیی ئابووری، ئەوەی بارەکەی لەسەر خەڵک قورستر کردووە، بێکارییە."
لە نێو شاری تیکاب، سەدان گەنج و پیاوی دەستکورت و بێکار دەبینرێن. سەیف رەحیمیان، هاونیشتمانییەکی دیکەی شارەکەیە و دەڵێت: "خودا نەکات کەلوپەلێکی نێوماڵمان بسووتێت یان لەکاربکەوێت، چونکە توانای کڕینەوەیمان نییە."
دیمەنی پیاوێکی بەتەمەن کە لەسەر کورسییەکی تەختە دانیشتووە و خەریکی بۆیاخکردنی پێڵاوە، یان باوکێک کە عەرەبانەیەکی بەدەستەوەیە و بە حەسرەتەوە لە کامێراکان دەڕوانێت، پرسیارێک دروست دەکات: ئەم خەڵکە چ سوودێکیان لەو زێڕە بینیوە کە لەژێر خاکی شارەکەیاندایە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ