رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی داخستنی رێگەی هەزار و 28 گوند و کێڵگە و ئاوایی لە پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس و مووش.
سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی وان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا لە ئەنجامی بەفربارینی چڕ و بەردەوامی دوو رۆژی رابردوودا، رێگەی 345 گوند و کێڵگە لە بەرزاییەکانی شارۆچکەکانی شاخ، ئێلباک و وێستان بەڕووی هاتووچۆ داخراون.
هاوکات، شارەوانیی جۆلەمێرگ رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین رێگەی 176 گوند بەتەواوەتی داخراون و لە پاڵ هەوڵی کردنەوەی رێگەکان، پرۆسەی رشاندنی خوێ لەسەر رێگە سەرەکییەکاندا بەردەوامن.
هەرچی پارێزگای بەدلیسە، شارەوانیی ئەم پارێزگایە ئاشکرای دەکات کە لە دوو رۆژی رابردوودا رێگەی 282 گوند و کێڵگە و ئاوایی بەهۆی زۆریی رێژەی بەفربارینەوە بەڕووی هاتووچۆدا داخراون.
لە پارێزگای مووش، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە 225 گوند و کێڵگە رێگەکانیان بە بەفر داخراون. لە بەیانییەوە تیمەکان رێگەی 44 گوندیان کردووەتەوە، بەڵام خراپیی کەشوهەوا کارەکانیان سەختتر دەکات و لە ئەگەری بەردەوامیی بەفرباریندا رێگەکان دووبارە دابخرێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، شەپۆلی بەفربارین لە دیوی رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی باکووری کوردستاندا تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 31ـی مانگ بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ