مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن دەکات

29-01-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "بە تووندترین" شێوە هێرشەکەی دوێنێی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن سەرکۆنە دەکات. 
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لەنێو خاکی ئوردن نزیک لە سنووری سووریا و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژران و 25ـی دیکە برینداربوون. ئەمە یەکەمجار بوو سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هێرشی درۆن یان مووشەک لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە بکوژرێت.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 29-01-2024 لە پەیامێکدا هێرشەکەی بە 'ترسنۆکان'ـە ناوبرد و گوتی، "هاوخەمم لەگەڵ حکومەت و خەڵکی ئەمریکا لەم کاتە سەختەدا." 
 
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن دەکەم و سەرەخۆشی لە خێزانی سەربازە کوژراوەکان دەکەم."
 
دوای هێرشەکە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "قوربانیدانی گەورەی ئەو سێ سەربازە لەلایەن گەلەکەمانەوە لەبیر ناکرێت؛ هەوڵدەدەین لە ئاست رێز و شانازی کەسوکاریاندا بین. لە پابەندییەکانیشیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبین". جۆ بایدن پەیامێکی هەڕەشەئامێزیش دەنێرێت و دەڵێت، "هەموو ئەوانەی دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، سزایان دەدەین"
 
بایدن گوتی کە دەزانن "هێرشەکە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە کراوە"؛ ئەوەش کاردانەوەی تووندی لەنێوخۆی ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی کۆمارییەکان داوایان لە بایدن کرد هێرش بکاتە سەر ئێران. 
 
لە 17-10-2023ـەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.