هەفتەی داهاتوو راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت

29-02-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەفتەی داهاتووەوە راوەماسی لە رووبار، بەنداو و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێن و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرزی قەدەخەکردنی راوكردنی ماسی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە 5ـی ئاداری 2024 دەستپێدەکات و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوام دەبێت. 
 
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، قەدەخەی راوەماسی لە بەنداوی موسڵ لە یەکەم رۆژی مانگی نیسان دەستپێدەکات تاوەکو 1ـی تەممووزی 2024 بەردەوام دەبێت.
 
لەم ماوەیەدا هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیسی دارستان و هێزە پەیوەندیدارەکانی دیکە رادەسپێردرێن بۆ چاودێریکردنی رووبار، بەنداو و چەمەکان، بۆ ئەوەی هەر کەسێک ماسی راو بکات دەستگیری بکەن.
 
ئەو ماوەیەی راوکردنی ماسی تێدا قەدەخە دەکرێت، وەزری زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی هیچ ئامارێکی سەبارەت بە بڕی ئەو ماسییە نییە لە چەم و بەنداو و رووبارەکانی کوردستان راو دەکرێن، بێستوون بەکر گوتی: "راوچییەکان ئەو ماسییەی راوی دەکەن یەکسەر لە بازاڕەکان دەیفرۆشنەوە، بۆیە نازانین ساڵانە چەند تۆن ماسی راو دەکرێن."
 
سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی لەو ماوەیدا ماسی راو دەکەن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی گوتی، سزاکان جیاوازن و دادوەرەکان دەستنیشانی دەکەن، سزاکە بەپێی جۆر و بڕی راوکردن و ئەو کەرەستەیەیە کە ماسییەکەی پێ راو دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆرترینیشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە