دیندار زێباری: زیاتر لە نیوەی ئەو خۆپێشاندانانەی لە هەولێر کراون مۆڵەتیان نەبووە

29-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتەکەی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەداتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 105 خۆپێشاندانی بە مۆڵەت و 120ـی بێ مۆڵەت کراوە. دەشڵێت، "لەو خۆپێشاندانانەی لە ساڵانی رابردوو کراون 61 پۆلیس و 4 هاووڵاتی رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە و 18 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون کە چەکیان هەڵگرتووە."
 
رۆژی دووشەممە، 27-03-2023، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی تایبەت بە مافی مرۆڤی لە 156 وڵاتی جیهان بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە ساڵی 2022دا پشتگوێخستن و نایەکسانی و نادادپەروەری زیاتر بوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 29-3-2023، د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتەکەی دایەوە و لە بەشێکی دا دەڵێت، "زیاتر لە نیوەی خۆپێشاندانەکانی هەولێر بەبێ مۆڵەت بوونە."
 
رێکخراوەکە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە "ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە سەرکوت دەکەن، هەروەها دەربازبوون لە سزا لەسەر کوشتنی ناڕەوا کە لە رابردوودا روویانداوە، هەروەها ئەشکەنجە و جۆرەکانی دیکەی خراپ مامەڵەکردن بەردەوام بووە. زیادبوونی تووندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز لە کاتێكدا ئامراز و رێگەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوەڕاستی عێراق بۆ پاراستنی خەڵک، لاواز بوون." 
 
بەڵام دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "راگیراوان لە هۆکارەکانی دەستگیرکردن و تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان ئاگاداردەکرێنەوە و هەروەها لە هۆکار و شوێنی راگرتنیان، لایەنە فەرمییەکان لە کاتی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا لەسەر ئەرکی خۆیان پارێزەر دابین دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی کەیسەکەی هەر لە قۆناخی لێکۆڵینەوە تاوەکو دادگاییکردن."
 
بە گوتەی دیندار زێباری، تێچووی دابینکردنی پارێزەر بۆ تۆمەتباران لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار. 
 
"دادگاییکردنی سزادراوان بە ئاشکرا بووە"
 
لە راپۆرتەکەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەدا هاتووە کە ساڵی 2022دا، دوو رۆژنامەڤان و سێ چالاکڤانی سیاسی سێ جار مانیان لە خواردن گرتووە، ئەوان لە ئابی 2020 دەستبەسەر بوون و لە شوباتی 2021 بە تۆمەتی هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتمانی سزا دران. مانگرتنەکەیان دژ بە بەردەوامیی زیندانیکردنیان بوو، ئەوە سەرەڕای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی لە مانگی شووبات لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کەمکردنەوەی ماوەکە لە 5 ساڵەوە بۆ 2 ساڵ.
 
دیندار زێباری پرسی مانگرتنی چەند سزادراوێکی بە "دەنگۆ" ناوبرد و گوتی: "پڕۆسەی دادگاییکردنیان بە ئاشکرا بەڕێوەچووە و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشیان بوون، هەروەها لە کاتی مانگرتنیان هەر یەک لە بەڕێزان وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامانی پەرلەمان سەردانیان کردوون، لە لایەکی دیکەوە لەلایەن بنکەی تەندروستیی چاکسازیی گەورانی هەولێردا بە وردی چاودێریی رەوشی تەندروستییان کراوە، هەر لەو کاتەدا بەشی خواردن و خەرجیی رۆژانەی خۆیان وەرگرتووە."
 
"زیاتر لە نیوەی خۆپێشاندانەکانی هەولێر بەبێ مۆڵەت بوونە"
 
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە پرسی خۆپێشاندانەکان باسی لەوە کردووە، لە 6ـی ئابی 2022دا هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانی ئاشتییانە لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچە و نەبوونی دەرفەتی کار، گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکییان بەکارهێنا و چەند بریندارێکیان لێکەوتەوە. هێزەکانی ئاسایش کە دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لانیکەم 20 رۆژنامەڤانیان بۆ ماوەیەکی کورت لەسەر رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکان، دەستگیر کردوون.
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان ژمارە (11)ـی ساڵى (2010) شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى رێکدەخات، روونیشیدەکاتەوە "بەپێى یاساکە ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتییان و خۆپێشاندەران بپارێزن و رێگە نەدرێت بە پشێوی و گێرەشێوێنی." 
 
بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ئاماریش لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "لە ساڵی 2015ـەوە تائێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر (105) خۆپێشاندانی بە مۆڵەت کراوە، (32) داواکاری خۆپیشاندان رەتکراوەتەوە و (120) خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتی کراوە، لەو خۆپیشاندانانەی کە لە ساڵانی رابردوو کراون.
 
هەر بەپێی ئەو ئامارەی کە دیندار زێباری بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا لە کاتی خۆپێشاندانەکان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە لەوانە (61) پۆلیس و (4) هاووڵاتیی مەدەنی و (18) خۆپێشاندەر دەستگیرکراون کە چەکیان هەڵگرتووە. هەروەها ماڵ موڵکی گشتی و تایبەتی زەرەزی زۆری پێکەوتووە لەوانە (21) ئۆتۆمبیلی هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتییان."
 
بە گوتەی دیندار زێباری، نزيكەی (6000) لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان مەشقیان پێکراوە سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپێشاندەران و پاراستنیان.
 
"رۆژنامەنووسان مافی تۆمار کردنی سکاڵایان هەیە"
 
راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رەخنە لە مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەڤانان دەگرێت و دەڵێت: "لە مانگی ئەیلوولدا، رۆژنامەڤانێک کە کاری بۆ میدیایەکی لایەنگری ئۆپۆزیسیۆن دەکرد، بەهۆی رووماڵکردنی هێرشی درۆنیی تورکیا بۆ سەر چەکدارانی پارتی کرێکاران کوردستان - پەکەکە لە هەولێر، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا و لە رۆژی دواتر بەبێ ئاراستەکردنی هیچ تۆمەتێک ئازاد کرا، بەڵام لەدوای واژۆکردنی بەڵێننامەیەک بە دوورکەوتنەوە لە رووماڵکردنی هەواڵ و رووداوی لەو جۆرە لە داهاتوودا."
 
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە "لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022، هێزەکانی ئاسایش لەسەر بنەمای یاسای ساڵی 2008ـی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، دوو رۆژنامەڤانیان لە نزیک هەولێر دەستگیرکرد و لە کۆتایی هەمان مانگدا ئازاد کران. ئەو یاسایە لەڕووی داڕشتنەوە ناڕوونە و لە رابردوودا دژ بەو کەسانە بەکارهێندراوە کە بابەتیان دەنووسی و رەخنەیان لە بەرپرسانی حکومەت دەگرت."
 
لەبارەی ئازادیی رۆژنامەگەری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەند داتایەکی خستووەتەڕوو و دەڵێت، بەپێی یاسای رۆژنامەڤانیی ژمارە (35)ی ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (8000) رۆژنامەنووس لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون،  (144) کەناڵی تەلەفزیۆنی کە (36) کەناڵی ئاسمانی و (108) کەناڵی ناوخۆیین، (155) رادیۆ، لە دەیان بڵاوکراوە لە رۆژنامە و گۆڤار و دەیان ماڵپەر "ئازادانە کارەکانی خۆیان دەکەن."
 
دیندار زێباری دەشڵێت: "رۆژنامەنووسان هەر پێشێلکارییەکیان بەرامبەر بکرێت مافی تۆمارکردنی سکاڵایان هەیە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەم رووەوە لە ساڵی رابردوو (5) داواکاری ئەشکەنجەدان تۆمارکراوە، (2) سکاڵا جووڵێنراوە، (31) کەس بە پێبژاردن سزادراون. لەسەر بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان، دەیان دۆسیەی پەیوەست بە کاری رۆژنامەوانی یەکلایی کراونەتەوە و لە  (1) دۆسیە داواکاری گشتی سکاڵای لە دژی رۆژنامەنووسان تۆمار کردووە."
 
رێکخراوەکە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە "ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە سەرکوت دەکەن، هەروەها دەربازبوون لە سزا لەسەر کوشتنی ناڕەوا کە لە رابردوودا روویانداوە، هەروەها ئەشکەنجە و جۆرەکانی دیکەی خراپ مامەڵەکردن بەردەوام بووە. زیادبوونی تووندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز لە کاتێكدا ئامراز و رێگەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق بۆ پاراستنی خەڵک، لاواز بوون."
 
پەیوەست بە توندوتیژیی دژ بە ژنان و هەڵکشانی ژمارەی کوشتنی ژنان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ژن و کچان لەلایەن کەسوکاریانەوە زیادی کردووە، لەنێویاندا ئەوانەی کە بڕیاری گۆڕینی ئایین یان رەگەز دەدەن.
 
هاوکات ئاماریشی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە "لەنێوان کانوونی دووەم تاوەکو ئاداری 2022، چەند رێکخراوێكی ژنان کوشتنی لانیکەم 16 ژن و کچێكی تەمەن 15 ساڵانیان تۆمار کردووە، پێشبینیش دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت."
 
رێکخراوەکە ئەوەشی بۆ گوتووە کە "دەسەڵات لە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەن لە زۆربەی دۆسیەکانی کوشتن کەمتەرخەم بووە، زۆربەی جاریش ژینگەی کۆمەڵایەتی وا رەخساوە کە رەخنە و گلەییەکە دەدرێتە پاڵ قوربانییەکان یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان بێباکیی پەرلەمانتاران."
 
بەڵام بەرپرسەکەی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی خۆی هەیە و دەڵێت: "حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانیدا بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بۆ ئەم مەبەستە لە 4ـی نیسانی 2022 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی میدیایی لەسەر کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی، لەوانە تووندوتیژی جێندەری (GBV)."
 
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر دیندار زێباری گوتی، "بەپێی رێکارەکانی پلانی هەرێمی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی ئەو ئافرەتانەی کە لە شێڵتەرەکان دەژین و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە پێویستە هەلی کاریان بۆ دابینبکرێت، هەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کەسایەتییە ئایینییەکان بکرێت بۆ داکۆکیکردن لە نەهێشتنی هۆکارەکانی توندوتیژیی خێزانی."
 
بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران، پەلامارەکانی داعش
 
تایبەت بە هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە، راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت: "تورکیا بەردەوام بووە لە بۆردوومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێیان ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بوو." بۆ ئێرانیش رایگەیاندووە: "سوپای پاسدارانی ئێران، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکانی سەر پێگەی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە پارێزگای هەولێر راگەیاند؛ کە کوژران و ئاوارەبوونیان لێکەوتەوە."
 
سەبارەت بەو هێرشانە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەوتییەکان دەڵێت: "بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە و هێزی دیکە، تائێستا زیاتر 626 جار سنوورەكانی هەرێمی کوردستان بۆردوومانكراون و 216یان هێرشی ئاسمانی بوونە و 403 تۆپباران و هەشت هێرشی زەوینی بووە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و ئێرانەوە، تەنانەت چەندین جار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند شوێنێکی سڤیل کراونەتە ئامانج، کە قوربانیی گیانی لێکەوتووەتەوە و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانیش زیانی پێکەوتووە."
 
دەشڵێت: "لەلایەکی دیکەوە بە سەدان گوند چۆڵکراون و گوندنیشنەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن، هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە روون و ئاشکرا بووە، کە رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستدرێژی و هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت و بە باشی دەزانێت کە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەکانی گشت کێشەکانی خۆیان بە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی."
 
سەبارەت بە هێرشەکانی چەکدارانی داعشیش ئەو رێکخراوە باسی لەوەکردووە کە هێرشە پچڕپچڕەکانی داعش بەردەوام بوون کە هێزە ئەمنی و خاڵە پشکنینەکانیان لە ئەنبار، کەرکووک و ئەو پارێزگایانەی عێراق کە پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون، دەکردە ئامانج. 
 
رێکخراوەکە بە پشتبەستن بە راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێت، ئاماژەیان بە رفاندنی لانیکەم 10 کەس کردووە لەلایەن داعشەوە لە کەرکووک و دیالە و بە پێدانی پارە رزگار کراون.
 
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتە سەر رەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەڵێت: "بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال تائێستا مەترسییەکانی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ماوە بۆ نموونە لە مانگی یەکی ساڵی 2021 تاوەکو مانگی نیسانی ساڵی 2022 زیاتر لە 283 کردەوەی تیرۆریستی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان تۆمار کراوە، کە بە کۆی گشتی 399 شەهید و 539 کەسی بریندار و 40 رفاندنی لێکەوتووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتییان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا

ئەڵمانیا: سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەین

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانه‌ی کردووە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی به‌ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک.