حکومەتی هەرێمی کوردستان: دەوامی ناو پۆل راگیرا و خوێندن دەبێتە ئۆنلاین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئازاد پیرچاوشی
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا دەوامی ناو پۆل لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا رابگرێت و پرۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 29-3-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری راگرتنی دەوامی ناو پۆلی دا.
 
حکومەت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لەم قۆناخەدا پرۆسەی خوێندن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل رابگیرێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو قۆناخەکان."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە، پرۆسەی خوێندن ناوەستێت، بەڵکو "خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت."
 
هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپێردراون رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و رێکخستنی شێوازی خوێندنی ئۆنلاین.
 
رێنمایی و راگەیێندراوی وەزارەتی پەروردە لەبارەی خوێندن:
 
- پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن، بڕیاردار بە راگرتنی دەوام لە دووشەممە 30-03-2026وە، بە شێوەی ئامادەبوون، لەناو هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی و نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەوکاتەی بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە پرۆسەی دەوامکردنی ناو پۆل لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن ئەنجامنادرێت. 
 
- قوتابخانە حکومییەکان بەشێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) و پلاتفۆرمی (قوتابخانەکەم) وەربگرن، یان سوود لە گرووپە ئەلیکترۆنییەکانی قوتابخانەکان وەردەگرن بۆ پێدانی ئەرکی ماڵەوە لەلایەن مامۆستایان بەشێوەی رۆژانە وێڕای پەخشکردنی وانەکانی هەموو قۆناخەکانی خوێندن لە هەرسێ (تەلەفزیۆنی پەروەردەیی) هەولێر و سلێمانی و دهۆک کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پەخشیان هەیە. 
 
قوتابخانە ناحکومییەکان:
 
سیستمی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان و بیانییەکان خوێندنی ئۆنلاین بە گوێرەی سیستمی خۆیان بەرکار دەکەن. 
 
وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەدات: "لەکاتی گونجاو هەموارکردنەوە و گۆڕانکاریی لە ساڵنامەی خوێندن دەکرێت و کاتی تاقیکردنەوەکان دیاری دەکرێت و مافی قوتابیان پارێزراو دەبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تێکشکاندنی چەند درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر

لە 24 کاژێردا 37 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و دهۆک کراون

لە یەک مانگی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلی هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بووەتەوە، کە چڕترین هێرشیان لە 24 کاژێری رابردوو بووە و زۆرترینیان بۆ سەر شاری هەولێر بووە.