رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی و شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی کرد و گوتی، لەندەن بە بایەخەوە لە ئارامیی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (29-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا "بە تووندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکەی دوێنێی سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کرد."
هەروەها ئیڤێت کووپەر هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە "وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوکاری و پشتگیرییەکانی بەریتانیای دووپاتکردەوە."
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی کرد و پشتیوانییەکانی بەریتانیای بەرز نرخاند، هەروەها دووپاتیکردەوە کە "هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە و نابێتە بەشێک لە جەنگ."
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکە و جیهانەوە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە "گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ" کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ