هەرێمی کوردستان چۆن خۆی لە درۆنی نزمفڕ بپارێزێت؟ پسپۆڕێکی بەرگریی ئۆکراینا وەڵامی رووداو دەداتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆڕ و بەرپرسێکی پێشووی بەرگریی ئۆکراینا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو رێگەیانەی کە لە سێ ساڵی رابردوودا لە وڵاتەکەیان بەکاریانهێناوە بۆ تێکشکاندنی هێرشی درۆنە نزمفڕەکان کە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت سوودی لێ ببینێت، بەکارهێنانی چەکی قورسی گەڕۆکی وەک دۆشکە و بیکەیسییە. 
 
یووری ساک، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەزموونی زیاتر لە 3 ساڵی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی درۆنەکانی رووسیا کە زۆربەیان لە جۆری شاهیدی ئێرانی بوون، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی بەکیێڤ داوە. 
 
ساک باسی لەوە کرد کە ئۆکراینا دەتوانێت یارمەتیی ئەو هاوبەشانەی بدات کە رووبەڕووی هەڕەشەی هاوشێوە دەبنەوە.
 
لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، کاتێک ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکان شەپۆلێک هێرشیان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، زیاتر لە 450 درۆن و مووشەک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون. هێرشەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 14 کەس و برینداربوونی نزیکەی 85 کەسی دیکە، کە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
 
ساک دانی بەوەدا نا کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە هەندێک ناوچەدا لاوازن و تیشکی خستە سەر مەترسیی ئەو درۆنانەی بە نزم دەفڕن، لەنێویاندا درۆنە تەلدارەکان (فایبەر ئۆپتیک) کە سیستمی تێکدانی شەپۆل (تەشویش) کاریان تێناکات.
 
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە باشترین تەکنیک بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی ئێستا هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەوە پرسیارێکی قورسە." بەڵام پێشنیازی رێکاری پاراستنی فیزیکی کرد، وەک داپۆشینی رێگە گرنگەکان و ژێرخانە هەستیارەکان بە تۆڕی تایبەت (کە وەک توونێلی پارێزەر بەسەر شەقامەکاندا کاردەکەن)، هەروەها بەکارهێنانی هێزی گەڕۆکی تەقەکردن لە درۆنەکان، ئەوەش لە رێگەی جێگیرکردنی چەکی قورسی وەک دۆشکە و بیکەیسی لەسەر ئۆتۆمبێل. ساک پێیوایە ئەم تەکتیکە لە دژی درۆنە نزمفڕەکان کاریگەرە، "بەتایبەتی لە رۆژدا".
 
ساک هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پیشەسازیی بەرگریی ئۆکرایناش پەرەی بە چەکی لەیزەری و ژیری دەستکرد داوە بۆ پێکانی ئامانجەکان و لە کۆی زیاتر لە 900 کۆمپانیا لەو کەرتەدا، زیاتر لە 600 کۆمپانیایان کار لەسەر تەکنەلۆجیای درۆن و دژە درۆن دەکەن.
 
ساک جەختی لەوە کردەوە کە جەنگی مۆدێرن بە خێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت: "ئەمە ژینگەیەکی زۆر خێرایە. جەنگی مۆدێرن رۆژانە بە خێرایی دەگۆڕێت و بۆ ئەوەی پارێزراو بیت، پێویستە خێرا و داهێنەر بیت."
 
بەهێزترین پەیامی راوێژکارەکە تایبەت بوو بە سەلامەتیی هاووڵاتییانی سڤیل: "ئامۆژگاریی ژمارە یەک ئەوەیە کە بێباک مەبن. ئەگەر گوێتان لە زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو، تکایە بچنە پەناگەیەکەوە."
 
ساک هۆشداریدا کە تەنانەت ئەو درۆنانەش کە تێکدەشکێندرێن مەترسیی کوشندەیان هەیە. گوتیشی: "ئێمە ئەوەمان زۆر جار لە ئۆکراینا بینیوە: تەنانەت کاتێک درۆنێک تێکدەشکێنرێت، کاتێک دەکەوێتە خوارەوە، دەتوانێت خەڵک بریندار بکات و بکوژێت. تەنانەت ئەگەر لە ئاسمانیشدا بتەقێتەوە و تەنیا پاشماوەکانی یان پارچەکانی درۆنەکە بکەونە خوارەوە، بە خێراییەکی زۆر دەکەون و دەکرێت کوشندە بن."
 
ساک گوتیشی: "لە نزیک پەنجەرەکان مەوەستن؛ سەیر مەکەن چۆن درۆنەکان دەفڕن و چۆن دەخرێنە خوارەوە. ئەگەر پەناگەکە زۆر دوور بوو، دڵنیابە لەوەی لانی کەم لە نێوان دوو دیواردا وەستاویت. ئەوە یاسایەکە کە ئێستا هەموو منداڵێکی ئۆکراینی دەیزانێت. کەمترین مەرجی سەلامەتی لە کاتی هێرشێکدا ئەوەیە کە دەبێت لە نێوان دوو دیواردا بوەستیت، باشتر وایە پەنجەرەیان تێدا نەبێت، چونکە ئەوە دەرفەتی بریندارنەبوونت زیاد دەکات."
 
پسپۆڕە بەرگرییەکە روونیکردەوە کە جیاوازیی هەیە لە نێوان درۆنە مەودا درێژەکانی جۆری شاهید (کە دەتوانن تاوەکو سێ هەزار کیلۆمەتر بڕۆن و تەقەمەنیی قورس هەڵبگرن و باڵەخانە و ژێرخانەکان وێران بکەن) لەگەڵ درۆنە فایبەر ئۆپتیکە بچووکەکان کە زۆربەی کات لە بەرەکانی پێشەوە یان لە "ناوچەکانی کوشتن"دا تاوەکو مەودای 50 کیلۆمەتر بەکاردەهێندرێن. جۆری دووەمیان تەقەمەنیی سووکتر هەڵدەگرن بەڵام بەهۆی هەبوونی تەلەوە، تێکدانی شەپۆلەکانیان قورسترە.
 
ئۆکراینا رووبەڕووی هێرشی شەوانەی درۆنەکانی شاهید بووەتەوە، لەنێویاندا هێرشە کوشندەکانی ئەم دواییەی ئۆدێسا و شەپۆلێکی گەورەی زیاتر لە هەزار درۆن لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا، کە تێیدا بەرگرییەکان توانییان 95%ـیان بخەنە خوارەوە، ئەمە وەک ساک باسی کرد. رووسیا ئێستا ئەو درۆنانە لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا بەرهەم دەهێنێت و بەردەوامە لە پێشخستنیان، لەنێویاندا بەکارهێنانی بزوێنەری خێرا. بە گوتەی ساک، بەشێک لەو دۆرنانە توانای خستنەخوارەوەی مینی زەوینییان هەیە.
 
ساک ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆکراینا پسپۆڕی سەربازیی هەیە کە ئێستا یارمەتیی وڵاتانی کەنداو دەدەن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی درۆن و ئامادەیی نیشاندا بۆ هاوبەشکردنی زانیارییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە سەقامگیری تێیدا خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکات.

 

دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: ئۆکراینا لە جەنگەکەیدا دژی درۆنە ئێرانییەکان کە لە لایەن رووسیاوە بەکاردەهێنرێن، چی فێربووە تاوەکو لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هاوبەشی بکات؟
 
یووری ساک: ئێوارە باش. سوپاس بۆ میوانکردم. بێگومان بۆ ئۆکراینا، هەڵگیرسانی ئەم جەنگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆسپێکی گەورەیە، چونکە تێدەگەین هاوبەشەکانمان، لەنێویاندا ئەمریکا، ناچار دەبن بەشێک لە سەرچاوەکانیان (وەک مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و تێکشکێنەرەکان) بە شێوەیەکی نەخوازراو ئاراستەی ناوچەی کەنداو بکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەمە وەک دەرفەتێکیش دەبینین بۆ ئۆکراینا و وڵاتانی کەنداو تاوەکو پێکەوەکارکردنمان لە کەرتی بەرگریدا قووڵتر بکەین و بەرەو پێشەوەی ببەین. هەر بۆیەش ئێستا سەرۆک زیلینسکی لە گەشتێکدایە لە کەنداو و سەردانی چەندین وڵاتی کردووە. لە هەر وڵاتێکی کەنداودا نزیکەی 50 شارەزای سەربازیی ئۆکراینی هەن کە یارمەتیی ئەو وڵاتانە دەدەن لە پاراستنی وزە و ژێرخانە هەستیارەکانیان. بێگومان هەموو جەنگێک تراجیدیایە و هیوادارین بەمزووانە کۆتایی بێت. بەڵام فێریشبووین لە جەنگەکەی خۆماندا لەم چوار ساڵەی رابردوودا کە دەبێت ئەمەش وەک دەرفەتێک ببینین بۆ باشترکردنی توانای بەرگریمان.
 
رووداو: ئۆکراینا چۆن دەتوانێت تەکنەلۆجیای دژە درۆنی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات؟
 
یووری ساک: دەبێت لەوە تێبگەین کاتێک باس لە گواستنەوەی شارەزایی و سیستمەکانمان دەکەین، بە شێوەیەکی سەرەکی مەبەستمان خستنەخوارەوەی درۆنەکانی جۆری شاهیدە. تەنیا بۆ زانیاریت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، رووسیا زیاتر لە 3,000 درۆنی لەو جۆرەی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە. ئێمە هەموو شەوێک رووبەڕووی هێرشی ئەم درۆنانە دەبینەوە. بۆ نموونە شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر یەکێک لە گەورەترین شارەکانی ئۆکراینا کە ئۆدێسایە، 2 کەس کوژران و زیانێکی زۆریش کەوتەوە. بەڵام بێگومان ئێمە کار دەکەین و ئەندازیارەکانمان لە دوو ساڵی رابردوودا زۆر بە چڕی کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئەم درۆنانە. زۆر باش تێدەگەین کە لە رووی ئابوورییەوە گونجاو نییە درۆنە هەرزانەکانی شاهید بە مووشەکی زۆر گرانبەهای پاتریۆت بخرێنە خوارەوە. هەروەها زۆر بێسوودیشە ئەگەر هەوڵ بدرێت بە فڕۆکەی F-35 یان F-18 یان F-16 راوی ئەم درۆنانە بکرێت، چونکە مووشەکی ئەو فڕۆکە جەنگییانەش زۆر گرانبەهان. بۆیە چارەسەرەکانی ئێمە جیاوازن؛ سیستمی بەرپەرچدانەوەی زۆر پێشکەوتوون بەڵام تێچووی بەرهەمهێنانیان هەرزانە، هەروەها شارەزاکانمان زۆر باش دەزانن چۆن ئەو سیستمانە جێگیر بکەن کە بۆ پاراستنی ژێرخانە هەستیارەکان پێویستن.
 
رووداو: ئایا پێکەوەکارکردنی نێوان ئۆکراینا و وڵاتانی کەنداو دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت؟ 
 
یووری ساک: لەو باوەڕەداین کە هیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە پێشبینیی ئەمەیان نەدەکرد. بێگومان ئێستا هەوڵ دەدەن رێگەیەک بدۆزنەوە تاوەکو لە داهاتوودا خۆیان بپارێزن. ئەوان تێدەگەن کە ئۆکراینا رەنگە تەنیا وڵات بێت جگە لە رووسیا کە بەڕاستی بتوانێت ئەو سیستمانەی بەرگریی ئاسمانییان پێبدات کە شار و خەڵک و ئابوورییەکانیان بپارێزێت. تێدەگەین کە وڵاتانی کەنداو هەوڵ دەدەن توانای بەرگرییان باشتر بکەن، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین تاوەکو ئەوە بەدەستبهێنن.
 
رووداو: ئۆکراینا چۆن دەتوانێت لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەدا یارمەتیی وڵاتانی کەنداو بدات؟ 
 
یووری ساک: ئێمە تەکنەلۆجیایەکمان هەیە کە زۆر هەرزانترە لە تەکنەلۆجیاکانی رۆژئاوا. یەک مووشەکی پاتریۆت تێچووەکەی زیاترە لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا یەک درۆنی شاهید تەنیا 20,000 بۆ 25,000 دۆلاری تێدەچێت. هیچ واتا و لۆژیکێکی تێدا نییە مووشەکی وا گرانبەها بەکاربهێنیت بۆ خستنەخوارەوەی ئەم درۆنە هەرزانانەی شاهید. دەتوانین تەکنەلۆجیایەک بدەینە هاوبەشەکانمان لە کەنداو کە هەرزانە و بە ئاسانی دەتوانرێت ژمارەکەی زیاد بکرێت. ئەمە ئەوەیە کە شارەزا سەربازییەکان و ئەندازیارەکانمان ئێستا لە کەنداو دەیکەن. هەوڵ دەدەن ئەم زانیارییانە بگوازنەوە بۆ هاوبەشەکانمان و بێگومان لە بەرامبەردا، وەک سەرۆکەکەمان گوتی، ئێمە نیگەرانین لە ئەگەری کەمبوونەوەی سووتەمەنیی گازوایل لە ئۆکراینا. بێگومان ئەمە رێگەیەکی دوولایەنە دەبێت و هیوادارین لە بەرامبەر ئامادەییمان بۆ پاڵپشتیکردنی هاوبەشەکانمان لە کەنداو، ئەوانیش ئامادە بن لێرە لە ئۆکراینا پاڵپشتییمان بکەن.
 
رووداو: بۆ ئۆکراینا خستنەخوارەوەی درۆنی رووسیا زەحمەتترە یان ئەوانی ئێران؟
 
یووری ساک: رووسیا دوو ساڵ و نیو لەمەوپێش، یان زیاتریش، ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد بە بەکارهێنانی ئەو درۆنانەی کە راستەوخۆ لە ئێرانەوە وەریاندەگرت. لەو کاتەوە، توانییان هێڵی بەرهەمهێنان لە نێوخۆی رووسیا دروست بکەن و بەداخەوە، ئێستا خۆیان درۆنی جۆری شاهید بەرهەم دەهێنن. ئەوەی زۆر گرنگترە ئەوەیە کە زۆر بە خێرایی پەرەیان پێدەدەن و باشتريان دەکەن. بۆ نموونە، نوێترین زانیاری کە لە چەند رۆژی رابردووەوە دەستمان کەوتووە ئەوەیە کە سوپاکەمان درۆنی شاهیدی بینیوە لە ئاسمانی ئۆکراینادا کە مینی زەوینییان هەڵگرتووە. درۆنی شاهید بەسەر شارەکانی ئۆکراینادا دەفڕێت و مینی زەوینی فڕێدەداتە خوارەوە. بینیمان کە هەندێک لە وەشانە نوێیەکانی ئەم درۆنانەی شاهید کە لەلایەن رووسیاوە بەرهەم دەهێنرێن، بزوێنەری خێرایان لەسەر بەستراوە. زۆر خێران، بۆیە زۆر قورسترە لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانی تەقەکردنەوە بخرێنە خوارەوە. ئەمە پێشبڕکێیەکی تەکنەلۆجییە لەگەڵ کاتدا. سوڕی داهێنان زۆر خێرایە. هەموو دوو هەفتە جارێک، دەبێت رووبەڕووی تەکنەلۆجیایەکی نوێ ببینەوە لە ئاسمان و لە بەرەکانی پێشەوەدا. ئەمە بۆ هەموو هاوبەشەکانمان زۆر گرنگە چونکە ئێمە لە راستیدا زیاتر لە سێ ساڵە ناچارین مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشەیە بکەین. دەرگامان کراوەیە بۆ هاوبەشکردنی ئەو زانیارییانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان، چونکە تێدەگەین کە سەقامگیری و ئاسایش لە ئۆکراینا و ناوچەی کەنداو لە بەرژەوەندیی هەمووماندایە.
 
رووداو: جیاوازیی چییە لە نێوان ئەو درۆنانە و ئەوانەی کە تەلی فایبەر ئۆپتیکیان پێوەیە؟
 
یووری ساک: درۆنە فایبەر ئۆپتیکەکان درۆنی هێرشبەری دوورمەودا نین. ئەوان لە هێڵەکانی پێشەوە بەکاردەهێنرێن. وەشانە مۆدێرنەکانیان لە راستیدا دەتوانن تاوەکو 50 کیلۆمەتر بفڕن. بۆ ئەوەی بە سادەیی روونی بکەمەوە، درۆنی فایبەر ئۆپتیک لە بنەڕەتدا درۆنێکە کە تەقەمەنی هەڵدەگرێت — هەندێک جار 5 کیلۆگرام، هەندێک جاریش کەمێک زیاتر — و کێبڵێکی فایبەر ئۆپتیکی زۆر باریکی پێوە بەستراوە. ئەمەش وا دەکات درۆنەکە پارێزراو بێت لە هەر جەنگێکی ئەلیکترۆنی، فریودان یان تێکدانی شەپۆلەکان (تەشویش). هیچ یەکێک لەو تێکدانکارییانە کار لەم درۆنانە ناکەن. هەر بۆیەش کوشندەترن، چونکە هیچ رێگەیەک نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان. بەڵام ئەوان بچووکترن و بۆ مەودای دوور بەکارناهێنرێن. بۆ نموونە، لە ئۆکراینا تەنیا لە هێڵەکانی پێشەوە بەکاردەهێنرێن، لەو شوێنەی ئێمە پێی دەڵێین 'ناوچەی کوشتن'. ئەوە رووبەرێکی نزیکەی 10 بۆ 15 کیلۆمەترییە لە هێڵەکانی پێشەوە کە ئەم درۆنانەی تێدا بە چڕی بەکاردەهێندرێن. ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە. هەروەها زۆر لە درۆنەکانی شاهید بچووکترن.
 
رووداو: درۆنە تەلدارەکان بەهێزترن یان ئەوانی دیکە؟
 
یووری ساک: درۆنەکانی جۆری شاهید بەهێزترن چونکە دەتوانن تەقەمەنییەکی زۆر قورستر هەڵبگرن، واتە لە کاتی بەرکەوتندا دەتوانن باڵەخانە و ژێرخانەکان وێران بکەن. ئێمە رۆژانە رووبەڕووی ئەم جۆرە هێرشانە دەبینەوە. وەک ئەنجامێک، هەر ئەمڕۆ هەواڵێک هەبوو کە شەمەندەفەرەکانی ئۆکراینا ئێستا رادەوەستێنرێن و دەبێت خەڵک لە نێوەڕاستی دەشتێکدا لە نیوەی رێگاک دابەزن چونکە هەڕەشەی هێرشی درۆن هەیە. ئەمە پەیوەندی بە هەموو شارێکی ئۆکرایناوە هەیە. لە کیێڤ، کە من ئەمڕۆ لێرەم، لە بەیانیی زووەوە تاوەکو پاشنیوەڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانیمان هەبوو. هەروەها زۆر پێدەچێت لە ئێوارەشدا زیاترمان هەبێت. ئەم درۆنانەی شاهید دەتوانن مەودایەکی دوور بفڕن، تاوەکو 3,000 کیلۆمەتر. بەشێوەیەکی ئاسایی، کاتێک هێرشێکی تێکەڵاو بۆ سەر ئۆکراینا دەکرێت، رووسیا ئەم درۆنانە لە ئاراستەی جیاوازەوە، لە باکووری رۆژهەڵات و باشوورەوە هەڵدەدات. تەنیا چەند رۆژێک لەمەوپێش، یەکێک لە خراپترین هێرشەکانمان هەبوو، چونکە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، زیاتر لە 1,000 درۆن ئاراستەی ئۆکراینا کران. خۆشبەختانە بۆ ئێمە، بەهۆی ئەو تەکنەلۆجیایەی کە هەمانە، رێژەی خستنەخوارەوە لەو هێرشە دیاریکراوەدا نزیکەی 95% بوو. ئێمە بەردەوام لەژێر ئەو هەڕەشەیەداین، بەڵام بەردەوامیشین لە باشترکردنی ئامرازەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی.
 
رووداو: چ تەکنیکێک باشە بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنە تەلدارانە، چونکە هەر ئەو درۆنانە لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێن؟
 
یووری ساک: ئەوە پرسیارێکی قورسە. هەندێک ناوچە لە ئۆکراینا هەن کە بۆ نموونە رێگە گرنگەکان بە تۆڕ دەپارێزرێن. تەواوی رێگاکە دادەپۆشرێت. وەک رێگەیەک وایە لەنێو تونێلێکدا کە لە تۆڕێکی زۆر تایبەت دروستکراوە کە هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەپارێزێت کە بەو رێگەیەدا دەڕۆن لەو درۆنانە. بە هەمان شێوە، هەندێک لە شوێنە هەستیارەکانی ژێرخان هەمان تەکتیک بەکاردەهێنن؛ باڵەخانە یان دامەزراوەکانیان بە تۆڕ دادەپۆشن. پاشان، بێگومان تیمە گەڕۆکەکانی تەقەکردن هەن. بۆ نموونە، ئۆتۆمبێلێکی Jeepی 4x4 کە رەشاشێکی قورسی لەسەر جێگیر کرابێت دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت، بەتایبەتی لە کاتی رۆژدا، چونکە بەڕاستی دەتوانیت ئەو درۆنانە بخەیتە خوارەوە. زۆرجار زۆر نزم دەفڕن. کاتێک سێ ساڵ لەمەوپێش درۆنە ئێرانییەکان یەکەم هێرشیان دەکردە سەر کیێڤ، هێزەکانی پۆلیسمان دەمانچە و کڵاشینکۆفی ئاساییان بەکاردەهێنا بۆ هەوڵدان بۆ خستنەخوارەوەیان. بەڵام بێگومان، تا چەک یان رەشاشەکەت بەهێزتر بێت، چانسی خستنەخوارەوەیان باشترە. ئێستا لە ئۆکراینا زیاتر لە 900 کۆمپانیا لە کەرتی بەرگریدا کار دەکەن و زیاتر لە 600 لەوانە لە تەکنەلۆجیای درۆن و دژە-درۆندا کار دەکەن. چەکی لەیزەر هەنگاوێکی دیکەیە کە پیشەسازیی بەرگریمان گرتوویەتیە بەر. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ دیاریکردنی ئامانجی ئەو درۆنانە هەروەها دەتوانێت زۆر سوودبەخش بێت. تەنیا دووبارەی دەکەمەوە کە ئەمە ژینگەیەکی زۆر خێرایە. جەنگی مۆدێرن رۆژانە بە خێرایی دەگۆڕێت و بۆ ئەوەی پارێزراو بیت، پێویستە خێرا، خۆگونجێنەر و داهێنەر بیت.
 
رووداو: رێنماییتان چییە بۆ کوردستان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان، چونکە سیستمی بەرگری ئاسمانی لە هەندێ ناوچەی کوردستان لاوازە؟
 
یووری ساک: دڵنیام کە حکومەتی کوردستان زانیاری دەداتە خەڵکی کوردستان سەبارەت بە هەڕەشەکان. ئامۆژگاریی ژمارە یەک ئەوەیە کە بێباک مەبن. ئەگەر گوێتان لە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی بوو، تکایە بچنە پەناگەیەکەوە. ئێمە ئەوەمان زۆر جار لە ئۆکراینا بینیوە: تەنانەت کاتێک درۆنێک تێکدەشکێنرێت، کاتێک دەکەوێتە خوارەوە، دەتوانێت خەڵک بریندار بکات و بکوژێت. تەنانەت ئەگەر لە ئاسمانیشدا بتەقێتەوە و تەنیا پاشماوەکانی یان پارچەکانی درۆنەکە بکەونە خوارەوە، بە خێراییەکی زۆر دەکەون و دەکرێت کوشندە بن. لە نزیک پەنجەرەکان مەوەستن؛ سەیر مەکەن چۆن درۆنەکان دەفڕن و چۆن دەخرێنە خوارەوە. ئەگەر گوێتان لە زەنگ بوو، پەناگە بدۆزنەوە. ئەگەر پەناگەکە زۆر دوور بوو، دڵنیابە لەوەی لانی کەم لە نێوان دوو دیواردا وەستاویت. ئەوە یاسایەکە کە ئێستا هەموو منداڵێکی ئۆکراینی دەیزانێت. کەمترین مەرجی سەلامەتی لە کاتی هێرشێکدا ئەوەیە کە دەبێت لە نێوان دوو دیواردا بوەستیت کە باشترە هیچ پەنجەرەیەکیان تێدا نەبێت، چونکە ئەوە چانسی بریندارنەبوونت زیاد دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە