وەزیری ئاوەدانکردنەوە: بە پلان کێشەی رێگەی سلێمانی - گەرمیان چارەسەر دەکەین

29-04-2022
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تونێلی دەربەندیخانی کرد و گوتی، بە دوو پلانی ستراتیژی و کورتمەودا کێشەی رێگەی نێوان سلێمانی - گەرمیان چارەسەر دەکەن و ئەمساڵیش دوو تیوبی دیکە بۆ تونێلی دەربەندیخان دروستدەکرێت.
 
رۆژی هەینی 29-4-2022، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە دەربەندیخان رایگەیاند، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت هاتووین لە نزیکەوە شوێنی رووداوەکە ببینین و دوو پلانی کورتخایەن و درێژخایەن دابنێین بۆ ئەوەی تونێلێکی نوێ بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە."  
 
لەبارەی پلانە کورتمەوداکانی وەزارەتەکەی، دانا عەبدولکەریم گوتی، "پێشتر رەزامەندی وەزارەتی دارایی وەرگیراوە بۆ نوێژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان و تونێلەکە لە ماوەیەکی نزیکدا نۆژەن دەکرێتەوە. دوای نۆژەنکردنەوە بڕیار دەدەین ئاخۆ بە تەنیا ئۆتۆمبێلی بچوک هاتووچۆ بە تونێلەکەدا بکات یان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر." 
 
گوتیشی، "رێگەی ناوتاق کە لە بەردەکەڕەوە دەچێت بۆ چەمەرگە، بە زووترین کات بڕیاری قیرتاوکردنی دەدەین بۆ ئەوەی ببێتە رێگەیەکی جێگرەوە و پاڵەپەستۆ لەسەر رێگەی دەربەندیخان کەم بکاتەوە."  
 
بەگوێرەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، "بۆ پلانی درێژخایەن رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە و لیژنەیەکی هاوبەش لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستکراوە، دوای پشووەکانی جەژنی رەمەزان گفتوگۆ لەگەڵ یەکێک لە باشترین کۆمپانیاکانی ناوچەکە بکرێت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دەستبکەن بە دروستکردنی دوو تیوبی دیکە بۆ تونێلی دەربەندیخان، واتا لەمساڵدا دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە." 
 
لەبارەی وەستانی پڕۆژەی رێگەی وارماوا - دەربەندیخان و باوەنوور - دەربەندیخان کە یەک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتی، "یەک لە گرفتە سەرەکییەکان کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، کۆمپانیاکە لە ئاست جێبەجێکردنی پرۆژەکە نییە، ئەوە یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکان کە ئێمە پێمان چارەسەر ناکرێت. دەبێت شێوازێکی دیکە بدۆزینەوە بۆ کارکردن لەو رێگەیە کە لە ساڵی 2011ەوە گرێبەستی بۆ کراوە و دەبووایە شەش ساڵ لەمەوبەر تەواوکرابووایە." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێپێوانەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بوو

لە دیلۆک وەرزشڤان و ژینگەپارێزان دژی مادەی هۆشبەر رێپێوانیان کرد

ئەمە رێپێوانی وەرزشڤان و ژینگەپارێزانە لە قەڵای رووم سەر بە شارۆچکەی نزیب لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان و چالاکییەکە دژی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرە.