رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆ دووشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران و رەشەبا پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و کەشناسیی ئێران رایگەیاند، ئەگەری روودانی لافاو هەیە.
رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە شەوی دووشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران و رەشەبا پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و چەند پارێزگای دیکە بگرێتەوە و تاوەکو هەینی بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوام بێت.
کەشناسیی ئێران دەڵێت، ئەگەری روودانی لافاو هەیە و داوا دەکات، خەڵک لە نزیک رووبار و بەنداوەکان و ئەو شوێنانەی گومانی روودانی لافاویان لێدەکرێت، دووربکەونەوە و سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
سەعید قاسمی، سەرۆکی ناوەندی پێشبینی لە کەشناسیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت بەتایبەت لە رۆژئاوا و باشووری ئەو پارێزگایە بارانی بەخوڕ و تەرزە ببارێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات، جووتیاران پەلە بکەن لە دروێنەی گەنم لەو شوێنانەی پێڕاگەیشتووە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە شارەکانی مێران و دێڵڕانی پارێزگای ئیلام دەست بە دروێنەی گەنم کراوە و بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئیلام 300 کۆمباین سەرقاڵی دروێنەن لەو پارێزگایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ