رووداو دیجیتاڵ
دیزاینەرێکی کورد ئاماژە بە گۆڕانکارییەکان لە جلوبەرگی کوردیدا دەکات و دەڵێت، شارنشینی و تێکەڵاوبوون و شەڕ، کاریگەری زۆری لەسەر شێوازی جلوبەرگ هەیە، بەڵام کورد پێویستە بە شێوازی جیاواز جلوبەرگیان بپارێزن.
سونبل شوجاعی، دیزاینەر و لێکۆڵەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات گوتی، "دوای 200 ساڵ من یەکەم کەسم جلوبەرگی موکریانی یاخود جلوبەرگی کوردیی مهاباد دەپۆشم."
رۆژی 29 نیسانی 2025 لە زاخۆ فێستیڤاڵی شەلوشەپک، کە تایبەتە بە جلوبەرگی کوردی بەرێوەچوو، لە فێستیڤاڵەکەدا شێوازەکانی جلوبەرگی کوردی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان نمایش کران.
شوجاعی کە لە فێستیڤاڵەکەی زاخۆدا پانێلێکی تایبەتی دەبێت لەسەر شێوازی جلوبەرگی موکریانی، باس لە شنێرە کە لەسەر شانییەتی دەکات و دەڵێت، "ئەو شنێرەی کە لەسەر شانمە لە جلوبەرگی ئێزدی و ئاشوورییەکاندا هەیە، بەڵام زیاتر نزیکە لە جلوبەرگی کوردیی ئێزدی، ئەم شانێلە شتێکی مێژووییە و مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ تا چوار هەزار ساڵ."
ئەو دیزاینەرە کوردە زیاتر باس لە شنێرە دەکات و دەڵێت، "شنێرە کە لە شانی چەپ دەبەسترێت، خوداوەندی ئاناهیتاش لە ملی چەپی دەبەست، چونکە لای چەپ ئەرکێکی پیرۆزی هەیە و دڵ دەپارێزێت و دەستی راستیش پێویستە ئازاد بێت، لە کولتووری ئێزدییەکانیش هەمان بۆچوون هەیە، ئێزدییەکان پێی دەڵێن بەرماڵک یان مێزەر، تا پێش دوو سەد ساڵ ئەم شنێرە لە مهاباد بەکارهاتووە."
شنێرە بەشێکە لە جلوبەری کوردیی ژنان، کە لەسەر شان دەبەسترێت و تاوەکو ناو قەد درێژدەبێتەوە، بەڵام ئێستا زۆر بە کەمی بەکاردێت، بەشێکی کوردانی ئێزدی تاوەکو ئێستا بەکاریدەهێنن.
لەبارەی هۆکارەکانی نەمانی شنێرە، سونبل شوجاعی گوتی، "تاوەکو ئەو کاتە ناوچەی موکریان بەشێوەیەکی فراوان پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە نەبوو، کولتووری خۆیان دەپاراست، بەڵام دوای ئەوەی بوونە شارنشین بەرە بەرە لەگەڵ کۆمەڵگەکان تێکەڵاو بوون، تێکەڵاو بوون و شەڕ کاریگەری لەسەر جلوبەرگ دروست دەکات، دوای نەمانی شنێرە دەستیان کرد بە گۆڕانکاری لە سەرپۆشدا و شێوازەکانیان گۆڕی، دواتر گۆڕانکارییان لە پشتێنەدا کرد، پشتێنەش تایبەتمەندییەکی جلوبەرگی کوردییە، چونکە کورد جوگرافیایەکی ساردی هەیە و کاردەکەن بۆیە پشتێنەیان دەبەست، بەڵام کە لە شارەکاندا پێویستییان پێنەما بەرە بەرە بەکارهێنانی کەمکرایەوە."
ئەو دیزاینەرەی خەڵکی مهاباد باس لە شێوازەکانی پاراستنی جلوبەرگی کوردی دەکات و دەڵێت، "ئەو بۆچوونەی باس لەوە دەکات کە لە رێگەی بەکارهێنانی جلوبەرگی کوردی لە ژیانی رۆژانەماندا دەتوانین بپارێزین هەڵەیە، چونکە من وەک کچێکی مودێرن کە حەز بکەم جلوبەرگی پێش 200 ساڵی بابوباپیرانم بپۆشم، بەپێی هەلومەرجی سەردەم کە لەسەدەی 21 شێوازەکەی دەگۆڕم، بۆیە من دەڵێم بە خوێندن و زانیاری و ئەرشیفکردن و لێکوڵینەوە و فێستیڤاڵی وەکو زاخۆ دەتوانین بپارێزین."
لە فێستیڤاڵی شەلوشەپکی زاخۆدا جگە لە جلوبەرگی کوردی، چەندین پانێل و گۆرانی کوردی پێشکێش دەکرێن، هەروەها نمایش و شێوازی نوێی جلوبەرگی کوردی پیشان دەدرێن.
سونبل شوجاعی باسی لە کارەکانی کرد و گوتی، "من کار لەسەر جلوبەرگی کوردی (ژن و پیاوان) دەکەم، دەبێت دوو شت لە یەکتر جیا بکەینەوە، جلوبەرگی کولتووری بپارێزرێن، بەڵام نوێکردنی جلوبەرگ کە بیرۆکەی کوردی پێوە بێت بکەینە پیشەی خۆمان، دارێژەر و دیزاینەری جلوبەرگی کوردی بابوباپیرانمان بوونە، کە پێش دوو یان سێ هەزار ساڵ دیزاینیان کردوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ