لێکۆڵەرێکی چینی فێری زمانی کوردی بووە و پەسنی ژنانی رۆژئاوای کوردستان دەدات: زۆر لێهاتوون

29-04-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
یۆشان یوانگ لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی نووڕۆژ ـی تۆڕی میدیایی رووداو
یۆشان یوانگ لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی نووڕۆژ ـی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کچە لێکۆڵەرێکی چینی فێری زمانی کوردی بووە و لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی لەبارەی ژنانی رۆژئاوای کوردستان کردووە و دەڵێت، خەباتی ژنانی رۆژئاوای کوردستان بۆ تەواوی جیهانە و ئەوان ژنی لێهاتوو و کارکەرن.
 
یۆشان یوانگ لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی نووڕۆژ ـی تۆڕی میدیایی رووداو، نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باس لە ئەزموونی خۆی لە فێربوونی زمانی کوردی و سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، چونکە من لە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخوێنم، بۆیە پێش سێ ساڵ لە پاریس فێری زمانی کوردی و عەرەبی بووم.
 
یۆشان کە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی لەبارەی ژنانی رۆژئاوای کوردستان کردووە، لە چوارەمین کۆنفرانسی لێکوڵینەوەی کوردی لە هەولێر پێشکێشی کرد دەڵێت، "زمانی کوردی زۆر خۆشە و قورس نییە، چونکە رێزمانەکەی روونە، من زۆر حەزم لە زمانی کوردییە، پێش سێ ساڵ لە پاریس هەوڵی فێربوونی زمانی کوردیم دا و ئێستا دەتوانم بنووسم و بخوێنمەوە".
 
رۆژانی 22-23/4/2025 چوارەم کۆنفرانسی لێکۆڵینەوە کوردییەکان، کە لەلایەن ئینستیتوتی کوردی لە پاریس و زانکۆی کوردستان - هەولێر رێکخرابوو بەرێوەچوو، 140 لێکۆڵینەوە پێشکێشکران کە لە 27 وڵاتەوە لێکوڵەر بەشداریان تێدا کردبوو.
 
یۆشان باس لە لێکۆڵینەوەکەی دەکات و دەڵێت، "زۆر گوتارم لەسەر ژنانی رۆژئاوای کوردستان خوێندەوە، بۆیە ویستم لێکوڵینەوە بکەم، پێش دوو ساڵ سەردانی رۆژئاوای کوردستانم کرد و ویستم لێکوڵینەوەیەک لەسەر ژنان لە رۆژئاوای کوردستان بکەم، لێکوڵینەوەکەم لەسەر ژنانی ئاساییە نەک شەڕڤان و سیاسەتڤان، دەتوانم بڵێم ئێستا دۆخی ژنانی رۆژئاوای کوردستان باشترە لە پێشوو، بەڵام کێشە هەن."
 
یۆشان کە لە لایەن وڵاتەکەیەوە بۆ خوێندنی دکتۆرا لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەوانەی فەرەنسا کراوە، ئاماژە بە کەمی سەرچاوە و زانیاریی تایبەت لەبارەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و باس لەوە دەکات، "لە چین زۆر لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە نازانرێت، من هەوڵ دەدەم گوتاری زیاتر لەبارەی ژنانی رۆژئاوای کوردستان بنووسم، هەروەها دوای نەمانی ئەسەد (بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا) چینییەکان دەتوانن زیاتر لەسەر رۆژئاوای کوردستان بزانن و سەردانی رۆژئاوای کوردستانیش بکەن."
 
رۆژی 21 شوباتی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لەگەڵ شی هونگ وی باڵیۆزی چین لە دیمەشق کۆبووەوە کە یەکەم دیداری نێوان هەردوو وڵات بوو، رۆژی 28 نیسانی 2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ فۆ کۆنگ، نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، نوێنەری چین جەختی لە یەکگرتوویی سووریا کردەوە.
 
ئەو لێکۆڵەرە چینییە کە ئاشنای "زۆر لایەن"ـی کۆمەڵگەی کوردییە بە رووداوی گوت، شۆڕشی ژنانی رۆژئاوای کوردستان نەک تەنیا بۆ رۆژئاوای کوردستان بوو، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان بوو، ئەوان ژنانی لێهاتوو، ئازا و کارکەرن، "لە داهاتووشدا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی سیستەمی پەروەردە و فێربوون لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم".
 
مەهدی فەرەج، بەرپرسی ئۆفیسی رووداو لە پەکین باس لە زانیاریی چینییەکان لەبارەی کوردەوە دەکات و دەڵێت، "خەڵکی زۆر کەم لە چینییەکان کورد دەناسن، هەندێکیان بە خراپەوە زانیارییان لەسەر کورد هەیە، چونکە ئینتەرنێت سانسۆری زۆری لەسەرە، بۆیە دەستکەوتنی زانیاری لەسەر کورد زەحمەتە، ئێستا نزیکەی 12 خوێندکاری چینی لەسەر کوردستان دەخوێنن، تەنیا چوار کتێب لە چین لەبارەی کوردەوە هەن، کە ژمارەیەکی کەمە."
 
یۆشان یوان "زۆر حەزی" لە خواردنی کوردییە دەڵێت، ئەو زۆر حەز لە شاکرییە دەکات، کە خواردنێکی کوردییە و لە گوشتی بەرخ و ماست ئامادە دەکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە