رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار سزادراو کارتی نیشتمانییان نییە. بەهۆی دابیننەکردنی پارە لە لایەن بەغداوە، ئامێرەکانی دەرهێنانی کارتەکە چالاک نەکراون.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "2 هەزار و 335 کەس لە زیندانەکان کارتی نیشتمانییان نییە و دەبێت بۆیان دەربهێندرێت. ئامێرەکانمان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هاتووە، بەڵام دەڵێن چالاکیان ناکەین تاوەکو پارەی ئامێرەکان نەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق."
تێچووی چالاککردنی ئامێرەکان و دەرهێنانی کارتەکە بۆ ئەو زیندانیانە 14 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەک بۆ هەر زیندانییەک 6 هەزار دینار دەوەستێت. ئیحسان عەبدولرەحمان گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 3 ملیار دیناری بۆ کارتی نیشتمانیی هەموو زیندانیانی عێراق دابین کردبوو، "بۆیە داوامان لە وەزارەتی دادی عێراق کردووە بەشی هەرێمی کوردستان بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی ناوخۆ، تاوەکو ئامێرەکانمان چالاک بکەین و دەست بە مامەڵەی زیندانیان بکەین."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەکات گوشار لە وەزارەتی داد بکەن بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە و دەڵێت: "تاوەکو رۆژی یەکشەممە چاوەڕێ دەکەین؛ ئەگەر پارەکە دابین نەکرێت، ناچار دەبین لە هەر زیندانییەک 6 هەزار دینار وەربگرین تاوەکو بتوانین لە مانگی ئایاردا دەست بە کارەکان بکەین."
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی گەوران هەن 6 هەزار و 57 سزادراویان تێدایە. جگە لە چاکسازیی گەوران، سێ چاکسازیی دیکەی تایبەت بە ژنان و منداڵانیش لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ