رووداو دیجیتاڵ
یونس عەباس 25 ساڵ پێش ئێستا لە گوندێکی بادینان بە رووخسارێکەوە لەدایکبوو، کە نیوەی بە کاری خودا وەک نیشان پێستێکی رەشی موودارە. ئەو کوڕی دایک و باوکێکی هەژار و برای سێ کچ و سێ کوڕە، ساڵانێکە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت بۆ رووخساری، بەڵام هەژاری و دەستکورتی نەیهێشتووە دەستی بگاتە چارەسەر.
یونس عەباس بە رووداوی گوت، "هەر لە سکماکەوە کە لەدایکبووم ئاوا بووم، تاوەکو ئێستا هەر ئاوایە، نە زیادی کردووە و نە کەم. خوران و ژان و هیچی نییە. مامۆستایانی ئایینی یەکەمجار گوتیان نەشتەرگەریی مەکەن، ناوی خودای لەسەرە. کاتێک چوومە لای پزیشک، گوتی: ناتوانم بڵێم 100% چاک دەبێتەوە، یەکەمجار پارچەیەکی بچووکی لێدەکەمەوە، ئەگەر سەریگرت هەر جارێک هەندێکی دەبڕم."
ئەو گەنجە تەمەن 25 ساڵە، تاوەکو پۆلی 8ی بنەڕەتیی خوێندووە، هەر لە منداڵییەوە دوور لە چاوی ئاوەدانی خەریکی شوانی بووە. دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوایی دەکات، پەیداکردنی بژێوی بۆ خۆی و دایکی ناچاری چوونە نێو شاری دەکات و دەست بە کرێکاری دەکات.
یونس، کە بژێویی ژیانی لەسەر کرێکارییە، ئاماژە بەوە دەکات، "لەسەر ئەم شەقامە ئیشی بلۆک یان چیمەنتۆ یان چاڵ هەڵکەندن و رێکاری خانوو و هەموو ئەوانە دەکەم، رۆژێک کار هەیە و 10 رۆژ نییە."
لەدوای هاتنە نێو شار یونس و دایکی لە ماڵی برا گەورەکەی یونس دەژین. ئەنەس عەباس، برای یونس دەڵێت، "لە دەرەوەی وڵات گوتیان تەنیا نەشتەرگەرییەکەی 17 هەزار دۆلاری تێدەچێت، جگە لە خەرجییەکان. توانای دارایشی نەبووە، چەند جارێک بۆی چووینە داوای ژن و گوتیان لەبەر نیشانەکە مێردی پێناکەن، زۆر حەز دەکات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، تاوەکو بتوانێت بێتە پێشچاوی خەڵک و خەڵک لێی نەڕەوێتەوە، هەرکات بۆ نموونە دەچێتە نێو بەحرکە، خەڵک هەیە لێی رادەمێنێ و هەیە لەبەری هەڵدێت."
تیمی رووداو یونسی بردە لای دکتۆر سامی، ئەویش دوای پشکنین گوتی، خۆشبەختانە چارەسەری هەیە.
دکتۆر سامی وەلی، پسپۆڕی پێست و جوانکاری دەڵێت، "ئەمە خاڵی ئۆتای پێدەگوترێت، بەڵام لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، هەیە بەشێکی کەمە و هەیە ناوچاویشی دەگرێتەوە، وەک ئەم بەڕێزە. دەکرێت بە لەیزەر هەوڵی لەگەڵ بدرێت، بەڵام زۆر جەلسەی دەوێت، دەکرێت لای پزیشکی پسپۆڕی جوانکاریی نەشتەرگەری، نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، دەکرێت پێستەکەی بکشێنرێت و ببڕدرێت، ئەو بەشەی ئەو خاڵەی لێیە."
بەگوێرەی قسەی پزیشک، یونس پێویستە ماوەی دوو ساڵ لەژێر چارەسەردا بێت و چەند جارێک نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. ئەمەش بۆ یونسی هەژار، کە قوتی رۆژانەی خۆی و دایکی بە کرێکاری دەردەهێنێت، بەمانای ماوەی 2 ساڵ بێکاربوونە، کە ترسناکترە لە ژیان بە نیوە رووخسارێکی رەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ