ئەنجوومەنی ئاسایش: لە چوار مانگدا 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

29-05-2023
هێمن بابان رەحیم
بەشێک لەو مادە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە. وێنە: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
بەشێک لەو مادە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە. وێنە: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگدا 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 45 کیلۆ و مادەی هۆشبەر و 530 کیلۆ حەبی بێ هۆشکەردا گرتووە.
 
رۆژی دووشەممە 29-5-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر بڕی 45 کیلۆ و 80 گرام مادەی هۆشبەر، 530 کیلۆگرام حەبی فەل لە جۆری کپتاگۆن، 2 هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەری لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمان چای کە لەگەڵ مادەی هۆشبەری جۆری هیرۆیین تێکەڵکراوە."     
 
راشیگەیاندووە، دەستگیرکردنەکان و دەستبەسەرداگرتنەکان لە ماوەی نێوان 22ـی کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو 22ـی ئایاری 2023 بووە، لە نێو دەستگیرکراوەکانیش 258 کەسیان بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە ژمارەیەکیان بە "گەورە بازرگان" ناوبردووە. 
 
ئەنجوومەنی ئاسایش ئاشکراشی کردووە، دەستیان بەسەر ئەم ماددە هۆشبەرانەدا گرتووە:
 
-45 کیلۆ و 80 گرام مادەی هۆشبەر کە ئەمانە لەخۆدەگرێت:
-34 کیلۆ و 161 گرام لە جۆری کریستاڵ.
-1.5 کیلۆگرام هیرۆیین.
-3 کیلۆ و 960 گرام حەشیش.
-4 کیلۆ و 585 گرام تلیاک
-374 گرام جامایکا.
-500 گرام ماریجوانا.
-جگە لە دەستبەسەرداگرتنی 530 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کپتاگۆن
-2 هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری تڕامادۆڵ.
-70 کیلۆگرام دەرمان چای کە تێکەڵ کراوە بە مادەی هۆشبەری جۆری هیرۆیین.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە