رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای روها ـی باکووری کوردستان، لە شەڕی نێوان دوو خێزاندا، دوو کەس کوژران و نۆی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025 لە گەڕەکی حەیدەر ئەحمەد سەربە شارۆچکەی بێرەجووک روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەسەر کێشەی زەوی، دەمەقاڵە لە نێوان ئەو دوو خێزانەدا روویداوە کە خزمن. دوای ماوەیەک لە دەمەقاڵێ، شەڕ روویداوە.
ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە بە دار و بەرد و چەقۆ و تفەنگ شەڕی یەکدیان کردووە و بەو هۆیەوە 11 کەس بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی تەندروستی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکان گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە بێرەجووک.
سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، محەممەد بولوت و ئیبراهیم بولوتی ئامۆزای بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.
نۆ بریندارەکەی دیکە کە لە نەخۆشخانە خەوێندراون، چارەسەر وەردەگرن. بەگوێرەی زانیارییەکان دۆخی تەندروستی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە.
هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە و گەڕەکی حەیدەر ئەحمەد رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتە بەر و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ