رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر روویدا.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، کاژێر 08:28 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی گۆکسوونی سەر بە پارێزگای مەڕەش تۆمارکراوە.
ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 6.98 کیلۆمەتر بووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو پۆستانە بێت کە لەلایەن خەڵکەوە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراونەتەوە، بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی دیلۆکی باکووری کوردستان و قەیسەری تورکیا هەستیپێکراوە.
لەدوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی ئەمساڵەوە، کە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلە لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانی بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند، زیاتر لە 33 هەزار و 77 پاشلەرزە تۆمارکراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بۆ 50 هەزار و 500 کەس بەرزبووەتەوە.
بوومەلەرزەکان کاریگەری گەورەشیان لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی 6 هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ