رووداو دیجیتاڵ
کۆرپەیەک لە مزگەوتێکی سنووری ناحیەی شوان دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تەندروستیی منداڵەکە باشە و چەند کاژێرێک دوای لەدایکبوونی، فڕێدراوە.
پۆلیسی ناحیەی شوان منداڵەکەی گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەقتەق و لەوێشەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر. چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، دوای پشکنین و بڕیاری دادگە، منداڵەکە لە خانەی سفر بۆ 4 ساڵ، وەردەگرن.
منداڵەکە بەیانی دوێنێ شەممە لە گوندی ئیلنجاخی سنووری ناحیەی شوان دۆزراوەتەوە و کوڕە. بەپێی گوتەی شایەتحاڵان و ئەو کەسانەی منداڵەکەیان دۆزیوەتەوە و نەیانویست ناویان ئاشکرابکرێت، کاتێک دۆزیویانەتەوە "جلی نوێی لەبەردابووە و نەگریاوە". شیریان پێیداوە تاوەکو لایەنە ئەمنییەکانی سنوورەکەیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداو.
د. هەوراز شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان بە رووداوی گوت: "دوای ئاگادارکردنەوەمان هێزێکمان ناردە شوێنی رووداوەکە، منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی خاڵخاڵان کرا و تەندروستیی باشە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی شوان، منداڵەکە لە نەخۆشخانەی خاڵخاڵان راپۆرتی پزیشکی بۆ کراوە و لە پشکنین دەرکەوتووە "هیچ کەمئەندامییەکی لە جەستەی نییە"، ئامادەیشی خۆیشی بۆ لەخۆگرتنی منداڵەکە دەربڕی بەو مەرجەی 'دایک و باوکەکە منداڵەکەیان نەوێت'." گوتیشی، لە رەچەڵەک و هۆکاری فڕێدانی منداڵەکە دەکۆڵینەوە.
دوای پشکنین لە نەخۆشخانەی خاڵخاڵان، منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی تەقتەق کراوە. نەبەز حەمەخان، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە رووداوی گوت: "منداڵەکە تەندروستیی باشبوو، جلی نوێی لەبەردابوو، شیری لەگەڵ بوو، منداڵەکە لەلایەن پۆلیسی ناحیەی شوانەوە هێنرایە نەخۆشخانەکەمان و ئێمەش رەوانەی کۆیەمان کرد و لەوێشەوە رەوانەی هەولێر کرا."
ئێستا منداڵەکە لە نەخۆشخانەی راپەڕینی هەولێرە و چەند پشکنینێکی تەندروستی بۆ دەکرێت. زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە رووداوی گوت: "پشکنینەکان بۆ ئەوەن تاوەکو دڵنیایی هەبێ منداڵەکە هیچ نەخۆشییەکی نییە، دوای بڕیاری دادگە، منداڵەکە لە خانەی سفر تاوەکو 4 وەردەگرین."
شێروان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری خانەی نەوجەوانانی هەولێر لە بەرپرسیار گوتی: "ئەگەر منداڵەکە کێشەی تەندروستی هەبێ، لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، ئەگەریش کێشەی تەندروستی نەبێت چارەنووسی لەلایەن دادگەوە دەستنیشان دەکرێت. جارێ ناشزانرێ بۆچی دایک و باوکەکە فڕێیان داوە، ئەگەر دایک و باوکیان دۆزرانەوە و وەرینەگرنەوە، ئەوا بەپێ نوسراوی دادوەر لە خانە وەردەگیرێت."
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەیان هاونیشتمانی پەیوەندییان بە رووداو کرد و داوای لەخۆگرتنی ئەو منداڵە تازەلەدایکبووەیان کرد؛ یەکێک لەو هاونیشتمانییانە حاجی فایەق شارەزوورییە کە هاوژینی یەکەمی کۆچی دوایی کردووە و ئێستا لەگەڵ هاوژینی دووەمی هیچ منداڵێکی نییە.
حاجی فایەق شارەزووری لە بەرپرسیار گوتی: "ئەو منداڵە لەبەرخاتری خوای گەورە بەخێو دەکەم، هەر کاتێک دایک و باوکی داوایان کردەوە دەیاندەمەوە. هەموو منداڵەکانم لە هاوژینی پێشوو شوویان کردووە و ژنیان هێناوە. لەماڵەوە هەر من و هاوژینەکەم دەژین و ئەویش رازییە و حەزی لە منداڵە."
فڕێدانی منداڵی تازەلەدایکبوو یان خستنەمەترسیی ژیانی منداڵێک بەپێی یاسای ژمارە 383 ئەگەر نەبێتە هۆی مردنی، تاوانە و سزاکەی بەندکردنە بۆ کەمتر لە ساڵێک یان پێبژاردن. بەڕێوەبەری ناحیەی شوان کە دکتۆراکەی لە یاسایە، گوتی: "ئەگەر حاڵەتەکە بووە هۆی مردنی منداڵەکە، سزای قورس دەبێت و دەچێتە چوارچێوەی ئەنقەست، سزاکەیشی تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات."
د. هەوراز شوانی، گوتی: "ئەگەر کەسوکاری منداڵەکە هەر دیارنەبوون، دادگە رەوانەی خانەی نەوجەوانانی دەکات و تۆمارێکی بێکەسی بۆ دروستدەکات، بەناوی سیانیی وەهمی، لە حاڵەتی دیکەدا، ئەگەر دادوەر بیداتە هەر خێزانێکی جێگرەوە، ئەوکات بە رەزامەندیی دادوەر، کەسوکاری خێزانی جێگرەوە ناوێکی بۆ دادەنێن و دەیخەنە سەر ناوی خۆیان. بەپێی یاسای عێراقیش هەر منداڵێک لەسەر خاکی عێراق، بدۆزرێتەوە هەموو مافێکی هەیە هاوشێوەی کەسێکی عێراقی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ