رووداو دیجیتاڵ
پیاوێک لە سۆران هەردوو هاوژینەکەی بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە بە چەک دەکوژێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت، بکوژەکە دوای کوشتنی هاوژینەکانی، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 29-07-2023، لە گەڕەکی کانیی سۆران، هاونیشتمانییەک بە چەک دوو هاوژینی خۆی کوشت کە لە دوو خانووی تەنیشت یەکدیدا دەژیان.
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران دەڵێت، رووداوەکە کاژێر 06:30 خولەکی بەیانی روویداوە و هاونیشتمانییەکە بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە هاوژینەکانی کوشتووە و دواتر خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
لایەنە ئەمنییەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و تەرمی دوو کوژراوەکەش رەوانەی دادپزیشکیی سۆران کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن کەسوکاری بکوژ و کوژراوەکانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەو پیاوە کێشەی لەگەڵ هەردوو هاوژینەکەی هەبووە و ''بەردەوام ئەشکەنجەی داون، چەندین جاریش هەوڵی داوە بیانسووتێنێت.''
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوەش کرد، کوژراوەکان لە خانووی خۆیاندا بوون و هەر لەوێش کوژراون. تاوەکو ئێستا لایەنی فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە رووداوەکە نەداوە و بڕیارە پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا وردەکارییەکان بۆ رای گشتی بخاتەڕوو.
بکوژ حەوت منداڵی لە هەردوو هاوژینەکەی هەیە کە تەمەنیان لە نێوان یەک بۆ 14 ساڵ دەبێت. پەیامنێری رووداو گوتیشی، کاتی رووداوەکە بەشێک لە منداڵەکانی لە خەودا بوون و خەبەریان بووەتەوە و رووداوەکەیان بینیوە.
بەپێی راپۆرتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ