بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری مووچە دەردەکات و ئەمینداریش رەتیدەکاتەوە

29-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسراوێکی دیکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەو وەزارەتەوە رەتکرایەوە. بریکاری وەزارەت، کە لە پشکی پارتییە بڕیاری دەستپێلەکارکێشانەوە "سحب  اليد"ی بۆ بەڕێوەبەری مووچەی وەزارەتەکە دەرکردووە، بەڵام ئەمینداری وەزارەتەکە، کە لە پشکی یەکێتییە دەڵێت، بڕیارەکە مۆرکی حیزبیی پێوەیە و جێبەجێی ناکەن.
 
نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتی لە سەرۆکایەتیی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کە بە ژمارە (‌أ/2/16799) لە رۆژی 22ی ئابی 2023 بە واژۆی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەلایەن عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەوە دەرچووە کێشەیەکی دیکەی بۆ تیمەکانی یەکێتی و پارتی لەو وەزارەتە دروستکردووە. هۆکاری کێشەی ئەمجارەی ئەو دوو تیمە پەیوەستە بە ئەفسەرێکی یەکێتی کە پلەی عەمیدی هەیە و بەرپرسی مووچەیە لە وەزارەت، بریکاری وەزارەت دەڵێت بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە بڕیاری دەستپێلەکارکێشانەوەی بۆ دەرکردووە.
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە:
 
پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێماندراوە دوابەدوای فەرمانی وەزاریمان بە ژمارە 15601 لە رۆژی 08-08-2023، بڕیارماندا بە:
 
1- دەست لەکار هەڵگرتن "سحب اليد" تایبەت بە عەمید" نزار قادر مەجید"، بەڕێوەبەری مووچە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان "ژمێریاری سەربازی."
 
2- پێویستە لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی بەپێی یاسا و رێنوێنییە کارپێکراوەکان تەواو بکات.
 
3- ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا، تیمی یەکێتی وەڵامی بریکاری وەزارەتیان داوەتەوە. لیوا بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەنووسراوی ژمارە 1/3/3028، کە لە رۆژی 28-808-2023 بە ناونیشانی روونکردنەوە ئاڕاستەی عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە، دەڵێت، "لەدەسەڵاتی جەنابتان نییە فەرمانی وەزارەی بەوشێوە و ناوەڕۆکە دەربکەن، چونکە یاسایی نییە."، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو لێژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە دروستکراوە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، کەچی فەرمانی وەزارەتیان دەرکردووە.
 
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەو بڕیارە تاکلایەنەیە و مۆرکی حیزبایەتی پێوەدیارە، بۆیە بڕیارەکە بەلای ئەوانەوە کاری پێ ناکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 29-8-2023، عەمید نزار قادر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بابەتی دوورخستنەوەی من پەیوەندیی بەوە هەیە کە فەرمانی پێشتری بریکاری وەزیرم لەبارەی جەدوەل روکنەوە جێبەجێ نەکردووە کە برادەرانی پارتی ویستوویانە هاوسەنگی وەزارەت بەشێوەی 57٪ بە 43٪ بێت و سیستەمی 50 بە 50 نەمێنێت کە ئەو بڕیارەش هۆکاری سەرەکیی کێشەکانە."
 
سەبارەت بەو لێژنەی لێکۆڵینەوەیەی لەسەری دروستکراوە، گوایە ژمارەیەک کۆمپیوتەری وەزارەتی بردووەتە دەرەوە، ئەو گوتی" ئەوانە تۆمەتن، چونکە پەیوەندیی بە بلۆککردنی کۆمپیوتەرەکانەوە هەیە کە هاتن و کردیان و شتەکانیان گۆڕی، دوای ئەو دوو کۆمپیوتەرەی گوایە بردوومانە براون بۆ فۆرماتکردن، دوو کۆمپیوتەری کەسی خۆم و نووسینگەکەیە."
 
رۆژی 11ــی حوزەیرانی ئەمساڵ، عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاریی بە ژمارە (ئـ/ت/11417) دەرکرد و تێیدا ئاماژەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2023ـی کردووە، کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چەند راسپاردەیەکی دەرکرد دیارترینیان" 1- ئێستا و بۆ داهاتوو دیاردەی دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لەیاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە."
 
ئەو فەرمانە نیگەرانی تیمی یەکێتی دروستکرد و پابەندنەبوونی پێوەراگەیاند، دوای یەک رۆژ لەو فەرمانە، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە نووسراوێکدا بە ژمارە ‌(ئـ/14/2026) بە 10 خاڵ وەڵامی بریکاری وەزیری داوەتەوە و دەڵێت: "جەنابتان دەسەڵاتتان نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە بەمجۆرە دەربکەن، ئەو کۆبوونەوەیەی ئاماژەتان بۆ کردووە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لەسەر پلانی بودجەی سێ ساڵەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە."
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی تەمموزی 2023، فەرمانێکی وەزاری، لەلایەن عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کە لەبری شۆڕش ئیسماعیل واژۆی کردووە، تایبەت بە"خشتەی روکن" دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بە دابەشکردنی پلەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی کراوە.
 
هەمان رۆژ نووسراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەناوی "ئاگادارکردنەوە" بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە واژۆی لیوا رەفعەت عومەر عەزیز، بەڕێوەبەری میرەی گشتی کراوە. تێیدا دەڵێت، نووسراوەکەی بریکاری وەزیر "بەبێ رەزامەندیی ئێمە تێپەڕێنراوە و هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا نەکراوە؛ بۆیە ئێمە لەو خشتەی روکنەی بەڕێوەبەرایەتییمان بەرپرسیار نین و پێوەی پابەندنابین، بۆ ئاگاداری."
 
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 44 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 
 
لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.