رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک دوو چەکداری نەناسراو بینراون. فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێ، داوای نانیان لە گوندنشینێک کردووە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پردێ بە رووداوی راگەیاند: "نازانرێ چەکدارەکان داعش بوون یان نا، بەڵام بە چەکەوە بە ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و دواتر دیارنەماون."
عەلی موفەق، موختاری گوندی کتکەی سەر بە شارۆچکەی پردێش دەڵێت: "چەکدارەکانمان لە دوورەوە بینین، دیاربوو بە ناوچەکە نامۆ بوون و چەند جارێک رێگەیان هەڵە کرد، بەڵام نەچوونە هیچ ماڵێک، دواتر پۆلیس و سوپامان لە دۆخەکە ئاگادارکردەوە."
رووداو پرسیاری لە فەرماندەیەکی سوپای عێراق لەو سنوورە کرد. ئەو فەرماندەیە گوتی، ئەو گوندە ناوی دەرماناوایە و "درۆنی چاودێریمان هەڵداوەتە ئاسمان بۆ ناسینەوەی چەکدارەکان، بەڵام نەمانبینیون".
دەرماناوا دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پردێ.
سەرچاوەیەکیش لە فەرماندەیی رۆژئاوای کەرکووکی ھێزەکانی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "دوو چەکدار لە گوندی دەرماناوا داوای نانیان لە کەسێکی گوندەکە کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە بۆ کەسی باس نەکات."
رووداو زانیویەتی، هێزێکی سوپای عێراق و پۆلیس بۆ کێوماڵکردنی سنوورەکە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ