رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان گوتوویەتی، ئەو کێشەیەی ئێستا وەکو شێرپەنجە وایە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی هەینی 29 ـی ئابی 2025 بڵاکراوەتەوە هاتووە، ئۆجەلان گوتوویەتی: "کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتن، سێ چەمکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەن."
شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و پارێزەر فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، دوێنێ سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.
شاندەکە دەڵێ: "رۆژی 28ی ئابی 2025، لە ئیمراڵی بۆ ماوەی سێ کاژێر لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبووینەوە. بەڕێز ئۆجەلان تەندروستی و ورەی زۆر بەرز بوو".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا ئۆجەلان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ ئەو قۆناخانە کرد کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێیدا تێپەڕیوە و ئەو خاڵەی پێیگەیشتووە. ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کێشەیەی ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، وەکو شێرپەنجە وایە، کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی تایبەت هەیە".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆجەلان رایگەیاندووە، بەو هەستیارییەوە پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە و گەیاندوویانەتە ئەمڕۆ. هەروەها گوتوویەتی، 'ئامانجمان ئەوە بوو کە هەموو توانای خۆمان بەکاربهێنین بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەیەکی پڕ لە ئازار".
ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەن و لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بگاتە ئەنجام. بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە پێویستیی قۆناخێکی نوێ کردووەتەوە، کە تێیدا بەپەلە هەنگاو لە هەموو ئاستەکاندا بنرێت.
ئۆجەلان رایگەیاندووە هەڵبژاردەی ئەو هەمیشە یەکگرتنێک بووە لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک؛ هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، تێگەیشتن و خاوەندارێتییکردن لەم هەنگاوە ستراتیژییە، دەستکەوتی بۆ هەموومان و تەواوی تورکیا دەبێت.
شاندەکە دەڵێ، ئاشکرایە مامەڵەکردنی بەشێک لە بازنەکانی سیاسەت و راگەیاندن لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە بە شێوازەکانی وەکو سادەکردنەوە یان نادیدەگرتن، زیان بەم پرۆسەیە دەگەیێنێت. سەرباری ئەوە، ئۆجەلان جارێکی دیکە باوەڕی گەورەی خۆی بە دۆستایەتیی هەمیشەیی و ئاشتی لە نێوان گەلاندا دووپاتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ