رووداو دیجیتاڵ
دەقی رەشنووسی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە 64 مادە و 18 لاپەڕەیە بڵاودەبێتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 29ـی ئەیلوولی 2023، لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەنگی لەسەر بدرێت، لە پەیڕەوەکەدا یەکێتی سێ ئەنجوومەنی دەبێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەکانیشی بە 600 ئەندام و کەمتر دیاریدەکات، ئەندامانی سەرکردایەتیش لە 124ـەوە بۆ 61 ئەندام کەمدەکرێنەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش لەنێوان 13 بۆ 15 ئەندام دەبێت بە سەرۆکیشەوە، ئەو ئەندامانە سەرۆک پێشنیازیان دەکات بۆ سەرکردایەتی، هەروەها ژمارەیەک دەسەڵات بۆ سەرۆکی یەکێتی کە دوێنێ کۆنگرە بافڵ تاڵەبانیی هەڵبژارد، زیادکردووە.
دەنگدان لە ئۆرگانەکانی یەکێتی بە زۆرینەی سادە دەبێت
لە چوار مادەکانی سەرەتادا، پێناسەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سنووری کارەکانی، بارەگای سەرەکی، درووشمەکانی، ئارم، سروود و ئاڵاکەی دەکات.
لە مادەی پێنجەمیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کۆبوونەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی بە ئامادەبوونی زۆرینەی رەها(50+1)ـی ئەندامانی، رێژەی یاسایی وەردەگرێت.
هەروەها دەنگدان لە ئۆرگانەکانی یەکێتی بە زۆرینەی سادە یەکلایی دەکرێنەوە، جگە لەو مادانەی کە دەنگدان تێیاندا بە دەقێکی دیاریکراو و رێژەیەکی جیاواز دیاریکراوە.
پەیوەست بە ئەندامێتی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مادەی حەوتەمدا، حەوت مەرج بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی دیاریکراوە لەنێویاندا نابێت ئەو کەسە "لە هیچ دۆسییەیەکی خیانەتکاری و گەندەڵی تێوەگلابێت." لە مادەی هەشتەمیشدا هەشت ئەرک بۆ ئەندامانی یەکێتی دیاریکراون، لەنێویاندا "نهێنییەکانی یەکێتی بپارێزێت و راستییەکانی لێنەشاردرێتەوە، لێدوان چی بە نهێنی یان ئاشکرا بێت دژ بە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی لە هیچ هەل و بارودۆخێکدا نەدات."
نابێت کۆنگرەکانی یەکێتی لە 600 ئەندام زیاتر بێت
بەشی سێیەمی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی تایبەت بە کۆنگرە و کۆنگرەی نائاسایی و پلینیۆم و دیداری گشتی، بەپێی مادەی 13 کۆنگرە چوار ساڵ جارێک دەکرێت و نابێت لە هیچ بارێکدا ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە لە 600 کەس زیاتر بێت، وەکو لە مادەی 14 دیاریکراوە، ئەندامانی کۆنگرەش بریتی دەبن لە:
- ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر.
- پێشمەرگەکانی ساڵی 1976، ئەوانەی لە ریزەکانی یەکێتی بەردەوامن.
- ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی.
- ئەندامانی دیکە بە هەڵبژاردن دەبێت، بەرکەوتەی ئەندامانی کۆنگرە لە سنووری دەزگا و مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرە دیاریدەکات دوای رەزامەندی سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسیش پەسندی دەکات.
بەپێی مادەی 15ـی رەشنووسی پەیڕەو، دوو مانگ پێش کۆنگرە کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکار، رێژە و رێکارەکانی کۆنگرە ئامادە دەکات.
مادەی 17 ئەرک و دەسەڵاتەکانی کۆنگرەی دیاریکردووە لەنێویاندا، هەڵبژاردنی سەرکردایەتی، سەرۆک، پەسەندکردنی راپۆرتی گشتی سەرۆک و چەند دەسەڵاتێکی دیکە، هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیش بە لیستی داخراو دەبێت و ئەو لیستەی زۆرترین دەنگ دەهێنێت سەرجەم کورسییەکان دەباتەوە.
لە مادەی 18 باسی کۆنگرەی نائاسایی کراوە کە لەسەر داوای سەرۆک یان دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەرکردایەتی دەبەسترێت، لانیکەم پێش 15 رۆژ وادەکەی دیاریدەکرێت.
پیلینیۆمیش لەسەر داوای سەرۆک یان دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەرکردایەتی دەبەسترێت.
دیداری گشتی یەکێتیش هەموو ساڵێک بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و ئاڕاستەکردن دەکرێت.
ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی 61 کەس دەبن
بەشی چوارەمی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تایبەتە بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بەپێی رەشنووسی پەیڕەوەکە سەرکردایەتیی یەکێتی لە 61 ئەندام پێکدێت و بە نهێنی هەڵدەبژێردرێن. ئەوە لەکاتێکدایە، لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەدا، سەرکردایەتیی یەكێتی کە 124 ئەندام پێکدەهات.
سەرۆک دەتوانێت شوێنی ئەندامانی سەرکردایەتی پڕبکاتەوە، پێنج کورسی سەرکردایەتی بۆ کەسایەتی سیاسیی و حکومی و حیزبی بەپێی پێویستی تەرخاندەکرێت، پێنج کورسی دیکە ئەو کەس و لایانانە دەبێت کە بەپێی رێککەوتن دەچنە نێو یەکێتی، پاش رەزامەندی سەرۆک، مەکتەبی سیاسیی پەسندی دەکات.
شەش مەرجیش بۆ ئەندامێتیی سەرکردایەتیی یەکێتی دیاریکراون، لەنێویاندا نابێت لە 30 ساڵ کەمتر بێت، کاری پەرلەمانی و حکومی نەبێت، جگە لە پۆستە سیادییە یەکەمەکانی یەکێتی لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق و کوردستان.
سەرکردایەتیی یەکێتی حەوت دەسەڵاتیشی دەبێت، لەنێویاندا بەرپرسە لە بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرە و داڕشتنی سیاسەتی گشتی یەکێتی لەسەر ئاستی نێوخۆی و دەرەکی.
سەرۆکی یەکێتی 15 دەسەڵاتی دەبێت
بەشی پێنجەمی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تایبەتە بە سەرۆکی حیزبەکە کە دوێنێ لەلایەن کۆنگرەوە بەبێ رکابەر بۆ هەڵبژێردرا.
لە مادەی 26ـی ئەو بەشەدا بەمشێوەیە پێناسی سەرۆکی یەکێتی کراوە "سەرۆک، راگری یەکدەنگی و یەکڕیزی یەکێتییە و کاردەکات بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی پەیرەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا."
لە بڕگەکانی دووەم و سێیەم و چوارەمی ئەو مادەیەشدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتی دەبێت و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە و لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، هاوکات بە سیمبولی یەکڕیزی و یەکگوتاری یەکێتی لەناوخۆ و لە دەرەوەی یەکێتی و بەرپرسی یەکەم لە پاراستن و بەهێزکردن و گەشەپێدانی یەکێتی ناوی هێنراوە.
هەرچی مادەی 27ـی ئەو بەشەیە مەرجەکانی سەرۆک دیاریکراوە کە دەبێت ئەو چوار مەرجەی تێدا بێت:
- تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- ناو و ناوبانگی باشی هەبێت و شارەزا بێت لە سیاسەتدا.
- لانیکەم 10 ساڵ خەباتی سیاسیی و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ دابڕان هەبێت.
- بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت.
مادەی 28ـی رەشنووسی پەیڕەو باسی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە لە کۆنگرە دەبێت و ئەگەر تاکە بەربژێر بێت ئەوا دەنگدان بە ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە بەربژێریک زیاتر بۆ ئەو پۆستە هەبێت، هەڵبژاردن بە نهێنی و ئازاد و زۆرینەوەی دەنگەکان دەبێت.
مادەی 29ـی رەشنووسی پەیڕەوەکە باسی راسپاردنی کەسێک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی سەرۆک دەکات ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسند دەکرێت.
ئەگەر سەرۆک لە پۆستەکەیدا نەما، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە 60 رۆژدا سەرۆکێکی دیکە بە کاتی هەڵدەبژێرێت.
مادەی 30ـی رەشنووسی پەیڕەوەکە باسی ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە ئێستا بافڵ تاڵەبانییە و دوێنێ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوول لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی هەڵبژێردرا، دەسەڵاتەکان لە 15 خاڵدا چڕکراونەتەوە کە ئەمانەن:
- بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی.
- سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی دەکات و لەکاتی وەک یەکبوونی دەنگەکان، دەنگی سەرۆک یەکلایی کەرەوەیە.
- سەرپەرشتی کاروباری دارایی و پەیوەدنییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە دەکات کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بێت.
- نوێنەرایەتی یەکێتی لە دەرەوە و لە ناوەوە دەکات.
- هاوئاهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنەکانی سەرکردایەتی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات.
- رێککەوتنە سیاسییەکان دوای پەسەندکردنی لە سەرکردایەتی یەکێتی واژۆ دەکات.
- گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی سەرکردایەتی دەکات.
- ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی سیاسی و رێکخراوەیی بۆ پێشکێشکردنیان لە کۆنگرە و دیدارەکان.
- مەکتەبێکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پێکدەهێنێت، بەرپرسە لە رێکخستنی کارە کارگێڕییەکانی سەرۆک، بە رێسایەک پێکهاتە و بەشەکانی دیاریدەکرێت.
- دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق، پەیوەندییەکانی دیکەی یەکێتی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە.
- لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی گوتەبێژ دیاریدەکات.
- فەرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دامودەزگاکانی مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات.
- پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبێت و نابێت بۆ بەرژەوەندی خۆی و کەسوکارەکەی بەکاریان بهێنێت.
- پابەند دەبێت بە پەیڕەوی ناوخۆ و بەپرسیارە لە جێبەجیکردنی.
- هەر ئەرک و دەسەلاتێکی دیکە لەم پەیڕەوەدا بۆی دیاری بکرێت.
هەروەها لە مادەی 31ـی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆیدا هاتووە گوتەبێژی ئەو حیزبە لەلایەن سەرۆکەوە دیاری دەکرێت و گوتەبێژ هیچ ئەرکێکی دیکەی نابێت، ئەو گوتەبێژە گوزارشت لە رای فەرمی یەکێتی دەکات و وا پێویست زانراوە زمانێک زیاتر بزانێت.
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی 12 بۆ 14 کەس دەبن و سەرۆک پێشنیازیان دەکات
بەشی شەشەمی رەشنووسی پەیڕەوی یەکێتی پەیوەستە بە مەکتەبی سیاسییەوە، کە لە مادەی 33ـی پەیڕەوکەدا دەڵێت، لە سەرۆک، 12 بۆ 14 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پێکدێت لەلایەن سەرۆکەوە پێشنیازدەکرێت و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێت.
جگە لە پۆستە سیادییەکان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی خۆیان تەرخاندەکەن بۆ کاری مەکتەبی سیاسی و هیچ پۆستێکیان لە دەرەوەی حیزب نابێت، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی 9 دەسەڵاتی دەبێت، لانیکەم دەبێت مانگانە دووجار کۆببێتەوە.
لەنێو دەسەڵاتەکانیدا هاتووە: "بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی سەرکردایەتی و سەرۆک، بڕیاردان لە مەسەلە گرنگە حیزبی و سیاسیی و حکومییەکانی پەیوەست بە یەکێتی."
یەکێتی شەش مەکتەبی هەیە و دەزگای دارایی لە دوو بۆرد و خەزنەیەک پێکدێت
بەپێی پەیرەوی نێوخۆ، یەکێتی شەش مەکتەبی دەبێت کە ئەمانەن: "مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، مەکتەبی کاروباری نێوخۆیی یەکێتی، هەڵبژاردن، راگەیاندن و هۆشیاری، رێکخراوەکان و پەیوەندییەکان."
ژمارەی ئەندامان بەپێی مەکتەبەکان دادەنرێن، نابێت ژمارەیان لە هەر مەکتەبێکدا لە 5 ئەندام زیاتر بێت، لێپرسراوی مەکتەبەکان و بەرپرسی بۆرد و بەشە سەرەکییەکان ئەندامی سەرکردایەتین، هەروەها بەرپرسی مەڵبەندەکان لەلایەن سەرۆکەوە دیاریدەکرێن و مەکتەبی سیاسی پەسندیان دەکات.
بەپێی مادەی 47ـی رەشنووسەکە، دەزگای دارایی یەکێتی، کۆی داهات و پڕۆژەکانی یەکێتی دەگرێتەوە و لەلایەن ئەنجوومەنێکەوە بەڕێوەدەبرێت و سەرۆک دایان دەنێت.
دەزگای دارایی لە بۆردی داهات و خەرجی و خەزنەیەک پێکدێت.
ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە 9 بۆ 15 ئەندام پێکدێت
بەپێی مادەی 54، یەکێتی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی دەبێت و لە 9 بۆ 15 ئەندامی پێکدێت، سەرۆکی یەکێتی پاش کۆنگرە ئەندامان و سکرتێر و جێگرەکانی دیاریدەکات.
ئەرک و دەسەڵاتەکانی بریتی دەبێت لە پاراستنی بەرژوەندییە باڵاکانی یەکێتی، لەکاتی بوونی بابەتی هەستیار و پەیوەست بە بەرژوەندی باڵای یەکێتی، سەرۆک و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی و ئەنجوومەنی بەرژوەندیی باڵا لیژنەی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکان پێکدەهێنن.
ئەنجوومەنی پشتیوانی 100 ئەندامی دەبێت
بەپێی رەشنووسە پێشنیازکراوەکە، یەکێتی ئەنجوومەنێک بەناوی ئەنجوومەنی پشتیوانی پێکدەهێنێت و ژمارەیان لە 100 کەس زیاتر نابێت، ئەرکی ئەنجوومەنەکە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی یەکێتی دەبێت و راستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرۆکەوە دەبێت و راپۆرتەکانی بۆ سەرۆکی یەکێتی بەرزدەکاتەوە.
ئەنجوومەنەکە لەلایان سەرۆکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و رێسایەکی دەبێت و پاش رەزامەندی سەرۆک لە مەکتەبی سیاسیی پەسند دەکرێت.
لە بەشی دەیەم کە حوکمە کۆتاییەکانی رەشنووسەکەیە، تایبەتە بە ژمارەیەک پرسی جیاواز، لەوانە دەبێت کۆی گشتی ئەنجوومەنەکانی یەکێتی لانیکەم رێژەی 25٪یان ژن بن.
دوای ماوەیەک کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت، بەپێی پێویست بڕگەکانی ئەم پەیڕەوە هەمواردەکرێتەوە لەلایەن لیژنەی پسپۆڕی پەیوەندیداری یەکێتی کە سەرۆکی یەکێتی دیاریدەکات لەسەر داوای سەرۆکی یەکێتی یان 26 ئەندامانی سەرکردایەتی و بە پەسندکردنی سێ لەسەر چواری ئەندامانی سەرکردایەتی.
لە مادەی 62دا هاتووە، نابێت ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ئەنجوومەنی پشتیوانی و کادیرانی پێشکەوتوو دەسەڵاتی حیزبی بۆ چالاکی بازرگانی و ئابووری بۆ خۆیان یان کەسە نزیکەکانیان بەکاربهێنن.
رۆژی 27-09-2023 کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ