رووداو دیجیتاڵ
تائێستا لە سنووری 13 پەروەردەی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دەوام بەردەوامە، مامۆستایان داوای دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا دەکەن.
مامۆستایانی ناوچەی بایکۆت لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین گەرمیان و کۆیە چوونە سەر شەقام و گوتیان، "ئێمە و منداڵەکانمان بە ناچاری لە بایکۆتداین، مووچە و بڕیاری دامەزراندنمان دەوێت، دەبێت داواکەمان بەهەند وەربگیرێت، هەر چاوەڕێین، وەڵامیان نییە."
دڵگەش عومەر، مامۆستای قوتابخانەیەکی بنەڕەتییە، لە ناخیەوە نیگەرانە لەوەی 50 رۆژە خۆی و منداڵەکانی دەوام ناکەن، بە گریانەوە باسی گرفتەکە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، "خۆشم قوتابیم هەیە، رۆژ نییە لە ماڵەوە بۆ منداڵەکانم نەگریم، ئێمەش ناچارین، داواکاریی منداڵەکانم لەسەرە، داوای پارە و خەرجی و مووچە دەکەن، ئاوا ناگوزەرێت."
رێناس حەمە نەجیب، مامۆستایەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئاگر لە جەرگمان دێت، ئاوا لە بایکۆتین بەڵام ئێمەش هیچ دەسەڵاتمان نییە بە گیرفانی بەتاڵ بچینە قوتابخانە، داوای ئێمە ئەوەیە 30 رۆژ جارێک مووچە و حەقی ماندووبوون و مامۆستاییمان وەرگرین."
لە سلێمانی بایکۆتکردنی ناوەندەکانی خوێندن حەوت هەفتەیە بەردەوامە مامۆستایان سوورن لەسەر نەکردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان و داوای مووچە و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن دەکەن.
سەرەڕای فشار و داواکان بۆ شکاندنی بایکۆت، مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ بە دەنگێکی "بڵند و ریزێکی درێژ و ژمارەیەکی زیاتر هاتنەوە سەر شەقام لە سلێمانی و لەبەردەم دادگە، پەیامی بەردەوامی بایکۆتیان گوتەوە."
سیروان ئیبراهیم، مامۆستای هەمیشەییە دەڵێت، "هاتووین داوای حەق و مافی خۆمان بکەین، چەند مانگێکە حەق و مافمان خوراوە و داوای گەڕانەوەی دەکەین تاوەکو ئێمەش بگەڕێینەوە بۆناو هۆڵەکانی خوێندن."
خۆی مامۆستای بەشی پیشەییە، شەوبۆ عومەر گوتی، "ئێمە ئەمڕۆ هاتوینەتە بەردەم دادگە، دەمانەوێت لەبەردەم دادگە داوای مافی خۆمان بکەین و دادگە مافمان بپارێزێت، نامانەوێت بەم شێوەیە پشت بکەنە مامۆستا و وانەبێژ کە مامۆستاکان داوا دەکەن داهاتووی منداڵەکان نەفەوتێت."
وەکو پێشتر لە 13 پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لەگەڵ قەزای کۆیە، ماوەی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان درێژکرایەوە.
مەریوان حەسەن، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی کۆیەیە رایگەیاند، "ئێمە وەکو تاکە قەزا کە سەر بە پارێزگای هەولێرین بایکۆتمان راگەیاندووە ئەویش بەهۆی کەمترخەمی دەسەڵات بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی لە فەرمانبەران کراوە."
لە قەزای کەلاریش بایکۆتی مامۆستایان هەیە و ئومێد عەلی مامۆستایە لە قەزاکە و دەڵێت، "داواکارییەکانمان ئەوەیە کە حکوومەت مووچە فەوتاوەکانمان بۆ بگێڕنەوە و لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرین، هەروەها پلە بەرزکردنەوە دەست پێبکاتەوە."
هەرچەندە بڕیار بوو زانکۆ و پەیمانگاکانیش 29ـی مانگ دەرگەکانیان بەڕووی خوێندکاران بکەنەوە بەڵام ئەوانیش تاوەکو ئێستا دەرگەی هۆڵەکانی خوێندنیان بە داخراوی هێشتووەتەوە.
ئەمە لەکاتێدایە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ خوێندن لە سەرەتای مانگی نۆوە دەستی پێکردووە و ئێستا خوێندکاران تاقیکردنەوەی 20 نمرەیی وەرزی یەکەم دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ