راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق: هەوڵ لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان

29-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، پێشکەوتنی گەورە و رازیبوونی هەموو لایەنەکان لەسەر رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران هەیە. دەشڵێت، عێراق دەیەوێت رێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا بکات و کۆتایی بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری تورکیا لەنێو خاکەکەی بهێنێت.

رۆژی یەکشەممە 29-10-2023 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە سەردانێک گەیشتە سلێمانی و لەسەر مەزاری مام جەلال تاڵەبانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادەی بوو، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری دایەوە.

سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەی بۆ سلێمانی، ئەعرەجی گوتی، "سەردانەکەمان بۆ شاری سلێمانی و دیدارمان لەگەڵ کاک بافڵ [تاڵەبانی]، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دڵنیاییەوە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و بەدواداچوونی رێککەوتنی ئەمنییە لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران؛ پێشکەوتنێکی گەورە و رازیبوون لای هەموو لایەنەکان هەیە لەبارەی ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا جێبەجێ کراوە. ئێمە لە دوایین هەنگاوەکانمانداین بۆ تەواوکردنی رێککەوتننامەکە؛ هاوئاهەنگییەکی گەورە لە هەموو برایان لە هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی لە سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە سیاسییەکان هەیە. بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدواداچوون و چاودێری ئەم دۆسیەیە دەکات لەپێناو پاراستنی وڵات، پێشێلنەکردنی سەروەرییەکەی و رێگەنەدان بە هیچ لایەنێکی چەکداری کە بیەوێت لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ."

رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەو کاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەعرەجی گوتی، "بڕگە گرنگەکان لە رێککەوتننامەکە ئەوەن کە ناوچە سنوورییەکان لە هەموو گرووپە چەکدارەکان بەدرێژایی سنوور لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چۆڵبکرێن. ئەو گرووپانە بۆ شوێنی دیکە گوێزرانەوە و لە چەک داماڵدران. ئێمە ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەداین. ویستێکی عێراقی لە بەغداوە تاوەکو هەرێمی کوردستان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە و هاوئاهەنگی باش لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە."

سەبارەت بە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، "عێراق دەیەوێت کۆتایی بەو دۆسیە گرنگ و هەستیارە لەگەڵ تورکیا بهێنێت. تورکیا وڵاتێکی دراوسێی گەورەیە، هاوشێوەی ئێران؛ بۆیە عێراق دەیەوێت رێگە لەهەر گرووپێکی چەکداری بگرێت و رێگری لەهەر کردەوەیەکی چەکداری بکات لە شاخەکەیەوە بکرێت. ئێستا هەوڵەکان لای سەرجەم لایەنەکان دەدرێن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسییە بەتەواوەتی، وەکو ئەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەدیهات."

لە وەڵامی دوایین پرسیار کە پەیوەندیداربوو بە رووداوکەی 22ـی ئەم مانگەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری قەزای مەخموور ، ئەعرەجی گوتی، "لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون و دۆسیەکە لەژێر دەستی بەڕێز سەرۆکوەزیراندایە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.