رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی پارێزگای دهۆک دەڵێت، بەهۆی خواردنی تێکچوو و خراپەوە 31 کەس گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەم نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە نەماون، بەڵام 48 کاژێر پێویستە بۆئەوەی بزانرێت هۆکاری ژەهراویبوونەکە چی بووە.
رۆژی یەکشەممە 29-10-2023 فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی ژەهراویبوونەوە شەوی رابردوو 31 کەس گەیێندرانە نەخۆشخانە لە سەنتەری شاری دهۆک. ئەو کەسانە لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی شاری دهۆک خواردنی خراپیان خواردبوو و باری تەندروستییان تێکچووبوو، بەڵام هێشتا هۆکاری خراپییەکەی نازانرێت کە ماوە بەسەرچوو بووە یان تێکچوو و شتی دیکە. ئێمە نموونەی 14 خواردنی ئەو رێستۆرانتەمان وەرگرتووە و ماوەی 48 کاژێرمان پێویستە بۆئەوەی بە تەواوەتی هۆکاری ئەو ژەهراویبوونە بزانین و دواتر ئەنجام رادەگەیێنین."
فەرهاد ئیسماعیل گوتی، "ئەو کەسانەی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، دوای وەرگرتنی چارەسەر، سەرجەمیان لە نەخۆشخانە دەرچوون و دۆخیان باشە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو رێستۆرانتەی ئەو کەسانە خواردنیان تێدا خواردووە داخراوە و یەکە کارگێڕییە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ