'بەمنزیکانە' 4960 یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سلێمانی دابەش دەکرێن

29-10-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان ‌و راپەڕین ‏‏4960 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسانی هەژار ‌و كەمداهات دابەش ‏دەكرێت.
 
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان ‌و ‏ئاوەدانكردنەوەی ‏‏‏‏سلێمانی لەكاتی ‏بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی)ـی رادیۆی رووداو، کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات، ‏رایگەیاند وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بڕیاریداوە ‏سەرجەم ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون کە دروستكراون و بە رێژەی جیاواز ‏تەواوكراون ‌و ژمارەیان 9004 یەكەیە، دابەش بکات.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان ‌و ‏ئاوەدانكردنەوەی ‏‏‏‏سلێمانی گوتی "لە کۆی 9004 یەكە 4960 یەکەیان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە‌ و ئیدارە ‏سەربەخۆكانی گەرمیان ‌و راپەڕینن، 11 هەزار ‌و 252 فۆڕمیش بۆ ‏وەرگرتنیان پڕكراوەتەوە. بەدواداچوون بۆ سەرجەم ناوەكان كراوە ‌و بەم ‏نزیكانەش ئەو ناوانەی رەوانەی ئیدارەی ناوچەكانیان دەكرێت، تیروپشکیان بۆ دەکرێت."
 
بە گوتەی محەممەد جەلیل بەشێك لە یەكەكان داواكاریی كەمیان لەسەرە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ‏دەربەندیخان، قەرەداغ، خانەقین و ئیدارەی راپەڕین دروستکراون، بۆیە پێیوایە هەموو ئەوانەی ‏داواكارییان پێشكێشكردووە بە ئاسانی وەریدەگرن، بەڵام دەشڵێت، هەندێک لە یەکەکان داواكاریی زۆریان لەسەرە، لەوانە ئەوانەی ناو شاری سلێمانی لە سیتەك، زڕگوێز‌، كەڵەوانان، كەلار، كفری ‏‌و پێنجوێن. بەتایبەت ئەو 3060ـیەكەی لە ناوچەكانی ‏سیتەك ‌و زڕگوێز ‌و كەڵەوانان دروستکراون.
 
گرفتی سەرەكیی ئەو یەكانە ئەوەیە خزمەتگوزارییان تەواو نەبووە، هێشتا ‏دیاریش نییە كەی خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەکرێت، لەسەر چ ‏بودجەیەكیش پارەیان بۆ دابین دەكرێت. 
 
محەممەد جەلیل دەڵێت "بۆ ‏خزمەتگوزارییەكانی ئەو 4960 یەكەیە، 126 ملیار ‏دینارمان پێویستە؛ هێشتا دیار نییە كەی ‌و چۆن خزمەتگوزاری ئەو یەكانە ‏دەكرێت."
 
سەبارەت بە پرۆژەکانی رێگەوبانیش، بەڕێوەبەری گشتیی ‏رێگا‌وبان ‌و ‏ئاوەدانكردنەوەی ‏‏‏سلێمانی گوتی، كاركردن لە هەردوو ‏رێگای سەرەكی (كەلار – دەربەندیخان ‌و دووكان – چوارقوڕنە) ‏بەشێوەیەكی باش بەردەوامە‌، ئەوەی یەکەمیان 85% تەواو بووە لە كۆتایی ئەمساڵ دەتوانرێ‌ رێگەكە بەكاربهێنرێت. ‏كاركردن لە قۆناخی دوومی رێگەی دووكان – چوارقوڕنەش بەردەوامە ‌و 45% ‏كارەكانی تەواو بووە".‏
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە