گوتەبێژی دەستەی ژینگە: هەوای هەولێر بەرەو پاکبوونەوە دەچێت

29-10-2025
A+ A-

ژیڤان بەکر و نیاز مەستەفا
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پێگەی ئەلیکترۆنیی ئای کیو ئێیەری سویسری، هەوای هەولێر بەرەو پاکبوونەوە دەچێت. قایمقامی هەولێریش دەڵێت: "پێشتر پارێزگای هەولێر ناوی لە راپۆرتی پێگە سویسرییەکە هەبوو، وەکو یەکێک لە شارە هەوا پیسەکان، ئێستا ژینگەی هەولێر زۆر پاکە و ناوی لەو راپۆرتەدا نەماوە." گوتەبێژی دەستەی ژینگەش دەڵێت: "هەوای هەولێر بەرەو پاکبوونەوە دەچێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی 10ی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "رێکارەکانمان تووند کرد و چەندین پاڵاوگە داخران و هەزاران موەلیدە کوژێنراونەتەوە؛ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووکەڵیان هەبوو، رێکاریان بەرامبەر گیرابەر و ئێستا ژینگەی هەولێر زۆر پاکە."
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئای کیو ئێیەری سویسری، هەوای هەولێر بەرەو پاکبوونەوە دەچێت و، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانیشی بریتییە لە کوژاندنەوەی موەلیدەکان، بەڵام گەیاندنی هەوای هەولێر بەو ئاستەی کە لە لایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بە سەلامەت دادەنرێ، هەنگاوی زیاتری پێویستە.
 
ئێستا هەوای هەولێر 2.5 بۆ 5.3 هێندە پیسترە لەو هەوایەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە سەلامەتی دادەنێ، لەکاتێکدا تێکڕای ساڵانی 2017 بۆ 2022 رێژەکە چوار تاوەکو 8 هێندە بوو.
 
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "تائێستا 3 هەزار و 222 موەلیدە لە پارێزگای هەولێر کوژێنراونەتەوە؛ پرۆژەکانی پشتێنەی سەوزایی، پارک و دروستکردنی باخچەمان بە مەبەستی زیادکردنی رووبەری سەوزایی هەیە، داخستنی نزیکەی 85 پاڵاوگەش بوونەتە هۆی باشتربوونی کواڵێتیی ژینگەی هەولێر."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەستەی ژینگە، "ئێستا ئاستی بینین زیاد بووە؛ ژاوەژاو کەم بووەتەوە."
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە باسی پڕۆژەکانی داهاتووی خۆیانی کرد: "بەڵگەنامەیەکی خۆگونجاندنمان هەیە و نزیکەی 29 پرۆژەی تێدایە؛ ئەگەر لە کابینەی داهاتوو پاڵپشتمان بن و دەکرێ سوود لەو پرۆژانە وەربگرین؛ سێکتەرەکانی ئاو، خۆراک و کشتوکاڵ و زیاتریش دەگرێتەوە و پەرەیان پێدەدرێت. هاوکات پێداگرین لەسەر ئەوەی خانوو و کۆمەڵگەی نوێ دروست دەکرێت، بە گوێرەی باڵەخانەکە دار بچێنرێت و شارەوانی بیسەپێنێت."
 
رێبین سەمەد، پسپۆڕی جیۆئینفۆرماتیکس و پیسبوونی ژینگە لە زانکۆی پۆلتەکنیکی هەولێر سەبارەت بە پاکبوونەوەی هەوای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "90٪ی هۆکارەکە پڕۆژەی رووناکییە". 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 موەلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابین بکات.
 
سەبارەت بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، رێبین سەمەد گوتی، "بە تەواوکردنی پشتێنەی سەوزایی و پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، کە دەبێتە هۆی راگرتنی بەشێکی بیرەکان، هەوای هەولێر زۆر پاکتر دەبێتەوە". 
 
پزیشکێک: بە پاکبوونەوەی هەوا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی کەم دەکاتەوە
 
دکتۆر جاسم محەممەد ئیبراهیم، دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی گوت، "پیسبوونی هەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیمان هەیە؛ چەندین ماددەی ژەهراوی لەنێو هەوادا هەیە و هەڵمژینی ئەو ماددەخراپانە کێشەی تەندروستی بۆ کۆئەندامی هەناسە دروست دەکات؛ مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە دەکات و زوو پیری دەکات، بەڵام کەمبوونەوەی رێژەی پیسبوونی هەوا، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی تووشبوون بە نەخۆشی دەبێت؛ ئەگەر پاکبوونەوەکە بەردەوام و درێژمەودا بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.