وەزارەتی بەرگریی سووریا: دوو سەربازمان بە بۆردوومانی هەسەدە کورژان

29-10-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەدەسە) دوو سەرباز کوژران و یەکێکیش بە سەختی بریندار بوو.
 
وەزارەتەکە شەوی چوارشەممە، 29-10-2025، بە ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا)ی راگەیاندووە، هەسەدە یەکێک لە خاڵەکانی سوپای عەرەبی سووریای لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بۆردوومان کردووە.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: "هێزەکانی هەسەدە دووبارە هەموو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی پێشوو رەتدەکەنەوە و لە رێگەی کردنەئامانجی خاڵەکانی سوپا و کوشتنی ئەندامەکانییەوە، هەموویان پشتگوێ دەخەن."
 
تاوەکو ئێستا هەسەدە هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا نەداوە.
 
ئەو گرژیانەی نێوان هەسەدە و سووپای سووریا چەند جارێکە دووبارە دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، هەسەدە لە سەروبەندی یەکگرتندایە لەگەڵ سوپای سووریا.
 
رۆژی چوارشەممە 29-10-2025 سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لەم دواییانەدا هەسەدە لیستێکی ناوی ئەو سەرکردانەی کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا شەڕی داعشیان کردووە، رادەستی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە سوپای سووریا ببن."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لیستەکە ناوی 70 فەرماندەی هێزەکانی سووریای تێدایە و چاوەڕێی وەڵامی دیمەشق دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو فەرماندانە ببنە بەشێک لە ‌‌هێزەکانی سوپای سووریا.
 
ئەم هەنگاوەی هەسەدە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری ئەمساڵە، کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە دیمەشق واژۆکرا، بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت.
 
رۆژی 10-10-2025 لە ساڵیادی دەمەزراندنی هەسەدەدا، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند،  هەسەدە "بەشێکی بەهێزی ئەو سوپایەی سووریا پێکدەهێنێت کە لە قۆناغی دامەزراندندایە" و "یەکەکانی دژەتیرۆری هەسەدە شانبەشانی یەکەکانی دیکەی سوپای سووریا، لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە تەواوی خاکی سووریادا، بەردەوام دەبن لە کاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
 
رۆژی 13ی ئەم مانگە شاندێکی سەربازیی هەسەدە گەیشتە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکگرتن لە چوارچێوەی سوپای سووریادا. سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە و لیژنەی سەربازی بۆ گفتوگۆی یەکگرتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، رایگەیاند، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی زارەکی، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێکی واژۆکراو لە نێوانیاندا نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە