رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیێنێت، ئەگەر گفتوگۆ هەبێت دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، ئەستەم نییە. دەشڵێت، لیژنەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێندراوە، ئەو رۆژانە رۆژانی کۆبوونەوەو گفتوگۆکردن و دانوستاندن دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 30-05-2022، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "ئاشتی لەرێگای میانڕەویی"، چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات.
سەبارەت بە پرسی میانڕەوی لە عێراق و بەدیهاتنی ئاشتی لە رێگەی میانڕەوییەوە لە عێراق، چنار سەعد عەبدوڵڵا پێیوابوو "میانڕەوی دەکرێت ببێتە کۆڵەکەیەک بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری و کۆتاییهاتن بە شەڕ و ئەو هەموو خوێنڕێژییەی ئەو دەوڵەتە بە درێژایی مێژووی خۆی رووبەڕووی بووەتەوە".
چنار سەعد عەبدوڵڵا پێیوایە تاکە چارەسەر بۆ ئەوەی عێراق بگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی ئارام بووژانەوە لەناویدا رووبدات و هەموو لایەک هەست بکات هاووڵاتی پلە یەکە، پەنا بردنە بۆ میانڕەوی.
بە گوتەی چنار سەعد عەبدوڵڵا "عەقڵیەتی تووندڕەوی بووەتە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، سوننە دێتە سەر حکوم شیعە لەناو دەبات، ئەمجارە شیعە دەبێتە حکومڕان سوننە پەراوێز دەخات، دوایی وەکو عەرەب کورد و پێکهاتەکانی دیکە ناخوێننەوە، دوایی وەکو ئیسلام پێکهاتەی مەسیحی تێدا هەست بە هەڕەشە دەکات و ئێزدی دەچەوسێندرێتەوە.. ئەمە پێکهاتەی ئەو دەوڵەتەیە و لەنێو سیستەمی حکومڕانی رەنگیداوەتەوە".
لە هەرێمی کوردستانیش بە بڕوای ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی: "جۆرێکی تایبەتی تووندڕەویمان هەیە، جارێ کێشەی باوکسالاری و پیاوسالاری یەکێکە لە کێشەکان، کە تووندڕەوی دروست دەکات".
لەبارەی ئەو میانڕەوییەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبووە، کاریگەریی لەسەر لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو حیزبە. چنار سەعد عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئێمە لە زۆر قۆناخ بەریەککەوتین دوایی جارێکی دیکە بە ناچاری پەنامان بۆ ئاشتی و میانڕەویی بردووەتەوە، چونکە لە بنچینەدا وەکو پرەنسیپ شەڕ ناکۆکیی کاتییە، ئەوەی کە بەردەوامە ئاشتی و میانڕەویە. بە خۆشحاڵییەوە ئەو رۆژانە ئەو دۆخە ئاسوودەییە دەبینین لە کوردستان، هێزە سیاسییەکان بە تایبەت دوو لایەنی زۆر گرنگ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گفتوگۆ و دانوستاندنیان هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانەی کە بووەتە هۆی ئەوەی لە یەکتریان دووربخاتەوە، چارەسەر هاوبەش بدۆزینەوە".
سەبارەت بە وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەکێتیش گوتی: "بە بۆچوونی من هەموو لایەک لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە دەبێت کۆبوونەوە بکەن، لیژنەی هاوبەش هەیە، دەبێت بەرنامەی کار دابنێن ئیدی ئەو رۆژانە رۆژانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و دانوستاندن دەبن".
لەسەر پرسی سەرۆککۆماریش چنار سەعد عەبدوڵڵا پێیوایە "هەرچەندە پرسەکان زۆر قورس بن و جیاوازییەکی زۆر لە بۆچوونەکان هەبێت، ئەگەر گفتوگۆ هەبێت دۆزینەوەی چارەسەر ئەستەم نییە".
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردنیشەوە گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بە هیچ شێوەیەک پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان پەکی نەکەوێت، رای پارتی روونە پشتگیری ئەوە دەکات ئەو یاسایە وەکو خۆی بڕوات بۆ ئەوەی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا نەکەوێت، چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاساکان رەنگە پرۆسەکە دوابکەوێت، لەلایەکی دیکەوە پێمانوایە ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە. بەڵام ئەگەر هەر بڕیاروابێت هێزە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هاوبەشیان هەبێت، پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ سیستەمێک نییە".
سەبارەت بەو لێدوانەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دیداری یەکێتی لە سلێمانی، کە گوتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەربژێریان دەبێت. چنار سەعد عەبدوڵڵا دەڵێت: "با چاوەڕێ بکەین هەڵبژاردن بکرێت و دەرئەنجامەکان ببینین، دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەو یەکلا دەکاتەوە کە کێ مافی ئەوەی هەیە بەپێی یاسا کوتلەی گەورەیە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکوەزیران ببات، بۆیە ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسی و دەرئەنجامی هەڵبژاردن بێت، بێگومان دەرئەنجامەکان ئەو مەسەلەیە یەکلادەکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ