رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ مانگێک بەسەر بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی هەڵوەشانەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت؛ بڕیارە دوای پشووەکانی جەژن ئەو پەرلەمانتارانەی ماون دەستلەکارکێشانەوە پێشکێشی پەرلەمان بکەن. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئێستا بابەتەکە لەلای دیوانی پەرلەمانی کوردستانە بۆ ئەوەی رێوشوێنەکانی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەستپێبکات."
رۆژی سێشەممە 30-05-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە "نادەستووری و نایاسایی" دانا و رایگەیاند، "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
ئەمڕۆ 30-6-2023، مانگێکی تەواو بەسەر بڕیارەکەی دادگە تێدەپەڕێت، لەو کاتەوە پەرلەمانی کوردستان هیچ چالاکییەکی خۆی لە ماڵپەڕ و پەیجەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 53 پەرلەمانتار لە کۆی 111 پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێشی دیوانی پەرلەمان کردووە و بەشێکی دیکەیان چاوەڕوانی تەواوبوونی پشووەکانی جەژن دەکەن.
رۆژی هەینی 30-6-2023، دانا دارا، راوێژکارى یاسایی لە پەرلەمانى کوردستان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی خولی پێنجەمی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە و پێویستی بە دەستلەکارکێشانەوەش نییە، بەڵکو دەبێت سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان دەستبەجێ رێوشوێنەکانی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران دەستپێبکات، ئەوانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشووتریان."
ئەو راوێژکارەى یاسایی لە پەرلەمانى کوردستان گوتی: "بەپێی یاسای چاکسازی دوو جۆر خانەنشینی بۆ پەرلەمانتار هەیە، یەکێکیان ئەوەیە پەرلەمانتار ئەگەر 45 ساڵی تەواو کردبێت و 15 ساڵ خزمەتی پێشووی هەبێت، بڕێکی دیاریکراوە و ئەوەی 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی نەبێت ئەوا رێژەیەکی دیکەیە."
راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەش کرد، یاسای چاکسازیی ژمارە 2ـی ساڵی 2020 سەرجەم یاسا و بڕیارەکانی پێشووی تایبەت بە خانەنشینی هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە پەرلەمانتاران بەپێی ئەو یاسایە خانەنشین دەکرێن.
رۆژی دووشەممە 26-6-2023، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران لەڕووی ئیمتیازەوە بەپێی یاسای چاکسازی جیاوازە، ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک 45 ساڵی تەمەن و 15 ساڵی خزمەتی تەواوکردبێت، زۆرترین بڕی خانەنشینی ئەگەر وەریبگرێت ناگاتە رێژە 50٪ـی کۆی مووچەکەی، واتە زۆر کەمدەبێتەوە، ئەگەر 45 ساڵی تەمەن و 15 ساڵی خزمەتی تەواو نەکردبێت، ئەوا رێژەکە 20 بۆ 30٪ دەبێت، جگە لەوە بەشێکی پەرلەمانتاران ئامادەنین خانەنشینی وەربگرن و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشوویان."
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تاوەکو دووشەممە 26-6-2023، شەش فراکسیۆنی خولەکە کە یەکێکیان گەورەترین فراکسیۆنە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەو شەش فراکسیۆنە 53 پەرلەمانتارن کە پێکدێن لە:
- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان: 45 پەرلەمانتار
- چوار فراکسیۆنی تورکمان: 5 پەرلەمانتار
- یەک فراکسیۆنی کریستیان (هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی): 3 پەرلەمانتار
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە، هەرچەندە دوو جار وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هێشتا وادەکە دیارنییە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هاوئاهەنگیدایە بۆ دیاریکردنی وادەیەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ