رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی 22 ساڵ لە ئاوی دووکاندا خنکا و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دووکانەوە تەرمەکەی دەرهێنراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 30-8-2023، رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11ـی بەیانی ئەمڕۆ تیمەکانمان لە رووداوێکی خنکان لە ئاوی دووکان ئاگادارکرانەوە و پاش یەک کاژێر گەڕان تەرمەکەیان دۆزییەوە و دەریانهێنا."
ئەو گەنجەی خنکاوە، ناوی گۆران قادر تەلانییە، دانیشتووی قەزاکەیە و ماسیگر بووە. رائید ئارام گوتی: "ئەو گەنجە مەلەزان بووە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە بۆ ئەوەی بزانرێت بە دیاریکراوی بۆچی خنکاوە."
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە 65 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانیشەوە لە ئاودا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ