رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە وانی باکووری کوردستان، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 30-8-2025، لەسەر رێگەی سەرەکیی وان-گەڤەر لەنزیک گوندی هەلەیس روویدا.
بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبیلێک خۆیان بەیەکدا کێشا و لە ئاکامدا سێ لە سەرنشینان لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
برینداران گواسترانەوە نەخۆشخانە و تەرمەکانیش گەیێندرانە دادپزیشکی.
دوای نزیکەی سێ کاژێر، دوو لە بریندارەکان گیانیان لەدەستدا و ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 5 کەس.
ئەو کەسەش کە بریندارە، ئێستا لە نەخۆشخانەی باشکالێ-ی وان لە ژێر چاودێریی پزیشکدایە.
بەگوێرەی راپۆرتی سەرۆکایەتیی هاتووچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، پار لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 623 هەزار و 148 رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون.
لەو رووداوانەدا 2713 کەس گیانیان لەدەستداوە و 388 هەزار و 644 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ