ئاسایشی هەولێر و لیستی 129ی یەکێتی راگەیێندراو لەبارەی تەقەکەی ناو مزگەوتی رەشاد موفتی بڵاو دەکەنەوە

30-09-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە مزگەوتی رەشاد موفتی لە هەولێر لە پرسەیەکدا شەڕە تەقە روویدا، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت رەسوول هێرشیان کردووەتە سەر خاوەن پرسەکە، لەبەرامبەردا گوتەبێژی لیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند پاسەوانەکانی قەهاری سابیر عەلکە، کە بەرپرسێکی سەربازیی پارتییە تەقەیان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی ئەیلوولی 2024 ، کاتێک شاڵاو کۆسرەت رەسوول دەچێتە پرسەیەک لە مزگەوتی رەشاد موفتی، گرژی روودەدات و شەڕە تەقەی بەدوادا دێت و کەسێک لە بنەماڵەی خاوەن پرسە بریندار دەبێت.
 
پرسەکە هی ماڵی خزمێکی قەهاری سابیر عەلکەیە، کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا باوک و مامێکی قەهار لە شەڕی ناوخۆدا لە هەولێر کوژراون، گوتەبێژی لیستی یەکێتی دەڵێت ماڵی کۆچکردوو خێزانێکی یەکێتین بۆیە شاڵاو کۆسرەت چووەتە پرسەکە.
 
ئاسایشی هەولێر لە راگەێیندراوێکدا دەڵێ: "(شاڵاوی کۆسرەت رەسوول) بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەو بنەماڵەیە سەردانی پرسەکەیانی کردووە، لەلایەن بنەماڵەی خاوەن پرسەکە پێیان گوتراوە کە پرسەکە بەجێبهڵێت و رەزامەندنەبوون لەسەر سەردانەکەی، چونکە لە رابردوو دا دوو کەسی خاوەن پرسەکە بەدەستی بنەماڵەی شاڵاو شەهید کراون، بەم هۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵەیان".
 
ئاسایشی هەولێر هەروەها دەڵێت: "پاسەوانەکانی شاڵاو بەبێ گوێدانە هیچ رێزێک بۆ حەرەمی مزگەوت و خاوەنی پرسەکە هێرشیان کردووەتە سەر خاوەنی پرسەکە و تەقەیەکی زۆریان کردووە. لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە گوللەی پاسەوانەکانی شاڵاو بریندار کراوە، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە یاسا سەروەرە و ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە و لەم کارە نایاساییە بەشداربوونە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".
 
لە بەرامبەردا گوتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن".
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە: "لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت رەسوول لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی ( قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای رێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، شاڵاو کۆسرەت رەسوول وەڵامی ناداتەوە". هەروەها هاتووە " پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت رەسوول، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە