ئاسایشی دهۆک: دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندیی بە کاری رۆژنامەڤانییەوە نییە

30-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی کەسێک، کە وەکو هەواڵساز لە بەشی زمانی عەرەبیی ئاژانسی (رۆژنیوز) کاری کردووە، رایگەیاند: راگرتنی ئەو کەسە پەیوەندیی بە کاری رۆژنامەنووسییەوە نییە، بەڵکو "کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە کردووە و دانیشی پێدا ناوە."
 
شەوی دووشەممە، 30-10-2023، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک، روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی کەسێکەوە بڵاوکردەوە کە وێبسایتی "رۆژ نیوز"ی نزک لە پەکەکە وەکو هەواڵساز کاری کردووە. 
 
لای خۆیەوە، هەمان شەو، رۆژنیوز راگەیێندراوەکەی ئاسایشی دهۆکی رەتکردەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی رۆژنامەڤانەکەی کرد. 
 
ئاسایشی دهۆک لەوبارەیەوە دەڵێت: "هێزەکانی ئاسایش  کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی (سلێمان ئەحمەد) دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە، بۆیە راگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."،هەروەها دەڵێت" راگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە." 
 
ئاژانسی رۆژنیوز دوێنێ یەکشەممە، 29ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند ماوەی پێنج رۆژە ئەو رۆژنامەنووسەیان لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکراوە و بێسەروشوێنە.
 
روونیشیکردەوە لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینە و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکراوە.
 
ئەو دەزگا رۆژنامەڤانییە بڕیارە سبەی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسەیان بڵاوبکەنەوە.
 
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەڤانان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەدەوە، رایگەیاند"داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، چارەنووسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز ئاشكرا بكەن و رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگەڕێتەوە شوێنی كارەكەی." 
 
رۆژنیوز خۆی وەکو ئاژانسێکی هەواڵی دەناسێنێت کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی وەشان دەکات  لە ساڵی 2014 دامەزراوە و هەواڵ و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاودەکاتەوە.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەنج سەنگاوی لە مانگی رەمەزان بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆنی پێشکێش کرد

بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن خەڵاتی مانگی زێڕین وەردەگرێت

بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆنی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا خەڵاتی مانگی زێڕین وەردەگرێت. رووداو لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا زەویی جێهێشت و گفتوگۆکانی بردە ئاسمان.