رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی مووچەی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە وەزارەتێک و پێشمەرگەی زێرەڤانی مووچە وەردەگرن. گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت، هۆکاری سست دابەشکردنی مووچە، کۆنەکردنەوەی داهاتی پارێزگاکانە وەکو یەک.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.11.2021 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی چوارشەممە مووچەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لیوای نەوت و گاز و فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دابەشدەکرێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر وەزارەتی دارایی بڵاویکردبووەوە، ئەمڕۆ سێشەممە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە دابەش دەکرێت.
لە 25ی مانگەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەستی پێکردووە و پرۆسەکە بە سستی بەڕێوە دەچێت، تائێستاش چەند وەزارەتێکی کەم مووچەیان وەرگرتووە.
لەوبارەوە جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری سستییەکە ئەوەیە کە داهاتی پارێزگاکان وەکو یەک کۆناکرێنەوە، کۆکردنەوەکە پێویستی بە میکانیزمێکی دیکەیە، چونکە داهاتی نێوخۆیی دیارە و پابەندبوونی هەندێک لە دام و دەزگاکان لە کۆکردنەوەی داهات وەکو پێویست نییە.
بڕیارە مانگانە حکومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. بە تێڕوانین لە مانگەکانی رابردوو، تاوەکو بەغدا پارەکە نەنێرێت، لیستی مووچە بەتەواوی راناگەیێندرێت. بەرپرسانی حکومەتیش لە چەندین جێگەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە کاری لەپێشینەیان دابەشکردنی مووچەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ