رووداو دییجتاڵ
هەفتەیەکە هیچ کۆچبەرێک لە سنووری فەرەنساوە نەپەڕیوەتەوە بۆ بەریتانیا. هۆکارەکەشی سەرما و دژواریی دۆخی دەریایە، ئەو کۆچبەرانەشی لەوبەری ئاو (فەرەنسا) دەمێننەوە، دۆخێکی سەخت تێدەپەڕێنن.
چیرۆکی گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی کورد لە فەرەنسا کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو بووە رۆژەڤ، حکومەتی فەرەنسا لەدوای رووداوەکە هەوڵی داوە تەرمەکەی بسووتێنن، بەڵام کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا هەواڵەکە دەزانن و رێگری لێدەکەن.
محەممەد جەلال بەرنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا لەسەر ئەو مژارە میوانی دیاسپۆرا بوو، ئەو چیرۆکەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی، "خانەوادەیەکی کورد کە پێکهاتبوون لە پیاوێک لە گەڵ کچ و کوڕێکی ماوەی شەش مانگ و هەفتەیەک بوو لە گوندێکی نزیک شاری مارسیلیا لە فەرەنسا دەژیان و داوای مافی مانەوەیان کردبوو، بەڵام پێیان نەدابوو، باوکەکە باری تەندروستی تێکدەچێت و دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و لەوێ گیان لەدەستدەدات، دواتر نەخۆشخانەکە ماوەی 10 رۆژ مۆڵەت دەدەنە کەسوکارەکەی بۆ ئەوەی تەرمەکەی وەربگرنەوە، بەپێچەوانەوە تەرمەکە دەسووتێنن."
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا، ماڵباتەکەی "نەیاندەتوانی تەرمەکەی وەربگرنەوە و لە رێگەی رەنج پشدەرییەوە ئاگادارکراینەوە، ئێمەش وەک کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا هەوڵماندا و توانیمان پارەی نەخۆشخانەکە بدەین و کەسوکاری مردووەکە رۆژی یەکشەممە، 01-12-2024 تەرمەکە وەردەگرنەوە و لە شاری مارسیلیا بەخاکی دەسپێرن".
محەممەد جەلال کە لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا کاردەکات، داوا لە کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە دەکات پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتەکە و هەروەها مزگەوتە کوردییەکانی بەریتانیا هەبێت و سەردانیان بکەن، بۆ ئەوی لەکاتی هەر بارێکی نائاساییدا هاوکارییان بکەن، لەوبارەیەوە چیرۆکێک باس دەکات و دەڵێت" ماوەیەک پێش ئێستا ژنێک لە هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندی پێوەکردم گوتی، هاوژینەکەم چەند رۆژێکە لە بەریتانیا گیانی لەدەستداوە، بەڵام ناتوانین تەرمەی وەربگرینەوە." ئەوانیش دوای هەوڵی زۆر توانیان تەرمەکە وەربگرنەوە و رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکەنەوە.
محەممەد جەلال ئاشکرایکرد، تەنیا لە مانگی 10ی ئەم ساڵ تەرمی 14 کەسیان لە بەریتانیاوە ناردووەتەوە بۆ کوردستان و رادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ