کوردستان
دایک و باوکی مەودا شاوری لەگەڵ کوڕەکەیان. دایکی مەودا بەهۆی گیانلەدەستدانی کچەکەی دەگری. وێنە: AFP
رووداو - هەولێر
پۆلیسێکی بەلجیکی کە کچێکی کوردی تەمەن دوو ساڵەی لە ئایاری ساڵی 2018 لە برۆکسل کوشت لەلایەن دادگاوە بە تاوانبار ناسێنرا.
پۆلیسەکە باس لە رووداوەکە دەکات و دەڵێت، ئەو رۆژە بەدوای ئۆتۆمبێلێک کەوتبوون کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی دەگواستەوە و هەوڵیدەدا ئۆتۆمبێلەکە بوەستێنێت، بۆیە بە دەمانچەکەی نیشانەی لە تایەی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە گرت، بەڵام لەوکاتەدا شوفێرەکە پێچێکی بە سەیارەکە کردەوە، ئەویش گوللەکەی لەدەستدەرچوو و بەر بەشی سەرەوەی ڤانەکە کەوت.

ئەو کاتە مەودا شاوری تەمەن دوو ساڵ لە باوەشی دایکی بوو و باوکیشی لەگەڵیاندا بوو لە پشتەوەی ڤانەکە کە 30 کەسی تێدابوو و چواریان منداڵ بوون، گوللـەی پۆلیسەکەی بەر سەری مەودا دەکەوێت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

پۆلیسەکە پارێزەرێکی گرت تاوەکو بەرگری لێبکات، بەڵام پارێزەرەکەی رایگەیاند، دادگا بڕیاریداوە پۆلیسەکە بە تاوانبار بناسێنێت.
هەرچەندە پۆلیسەکە هێشتا ئازادە، بەڵام دوو کەسی دیکە دەستبەسەرکراون کە هەردووکیان عێراقین؛ یەکێکیان شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و ئەوی دیکەش قاچاخچییەکە کە کۆچبەرە کوردەکانی بە قاچاخ گواستووەتەوە.
ئەو دوو کەسە بەپێی یاساکانی پەکخستنی هاتووچۆ و هەڵگەڕانەوەی چەکداری دژی پۆلیس تۆمەتبارکراون، چونکە لەکاتی راکردنیاندا ئۆتۆمبێلەکەیان بە ئۆتۆمبێلی پۆلیسدا کێشاوە و لە دۆسیەکەیاندا ئۆتۆمبێلەکە وەکو چەک باسکراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ