لە ئیستەنبووڵ سەرۆکی کۆمەڵەیەکی کورد بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە دەستگیر دەکرێت

31-01-2024
A+ A-
زۆزان چەتین - رووداو دیجیتاڵ 

عەلی چەڤەن، سەرۆکی کۆمەڵەی رێبەرانی کورد بەهۆی دەرکەوتنی بە ئاڵای کوردستان لە سۆشیاڵ میدیا و قسەکردن لەبارەی شێخ سەعیدی پیرانەوە، بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ تیرۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کرا.
 
رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، سوبحی ئۆزجەن، پارێزەری عەلی چەڤەن بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی دووشەممە، 29-01-2024 عەلی چەڤەن دەستبەسەرکراوە و لە بنکەی پۆلیس هێڵدراوەتەوە، رۆژی دواتر براوەتە دادگەیەکی ئیستەنبووڵ و بە بڕیاری دادوەر خراوەتە گرتووخانەی مەتریس."
 
ئۆزجەن گوتی، "داواکاریی گشتی لە دۆسیەی چەڤەندا ئاڵای کوردستانی بە ئاڵای پەکەکە داناوە و شێخ سەعیدیشی بە تیرۆریست ناساندووە، بەهۆی پێشاندانی ئاڵای کوردستان و شێخ سەعیدی پیران لە سۆشیاڵ میدیا لەلایەن عەلی چەڤەنەوە، تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ تیرۆری خستووەتە پاڵ."
 
پارێزەری عەلی چەڤەن ئاماژەی بەوەدا نووسینی یاسایی لێخۆشبوونی شێخ سەعیدی پیران و هەڤاڵانی، کە لەلایەن دادگەی ئیستقلال دەرچووە، پێشانی داواکاری گشتی داوە، داواکاری گشتی سەری سوڕماوە و گوتوویەتی، "بۆ چما شێخ سەعید تیرۆریست نییە!"
 
سوبحی ئۆزجەن باسی لەوەش کرد، لەبارەی ئاڵای  کوردستانیشەوە گوتی، "بە دادگەم گوت، ئەو ئاڵایەی ئێوە بە ئاڵای تیرۆری دادەنێن، ئەوە ئاڵای هەرێمی کوردستانە، هەرێمێکی فەرمییە لە باکووری عێراق، وێنەی چەندین بەرپرسی تورکیا لەگەڵ ئەو ئاڵایە هەیە، هەروەها کونسوڵخانەی تورکیا لەوێ هەیە، ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای تورکیا دادەنرێت."
 
عەلی چەڤەن، خەڵکی پارێزگەی ئیلەهی باکووری کوردستانە، بەکالۆریۆسی لە مێژوودا هەیە، هەروەها وانەی ئایینی لە قوتابخانەکانی تورکیا و میسر خوێندووە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی رێبەرانی کورد و ئێستا سەرۆکی کۆمەڵەکەیە.
 
کۆمەڵەی رێبەرانی کورد، ساڵی 2023 لە کۆنیا دامەزراوە و ئێستا بارەگاکەی لە ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە