رووداو دیجیتاڵ
رەفعەت عەبدوڵڵا، باوکی پارێزەر هەرێم رەفعەت کە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ دەبێت دەستگیرکراوە، رەتیدەکاتەوە کوڕەکەی ئازادکرابێت و دەڵێت، بەپێی قسەی ئاسایشی گشتی ئەگەری هەیە رۆژی شەممە یان یەکشەممە ئازاد بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، رەفعەت عەبدوڵڵا، باوکی پارێزەر هەرێم رەفعەت کە زیاتر لە پێنج مانگ دەبێت لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە ئاسایشی گشتییەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم بۆ ئەوەی بڕۆم پەنجە مۆر بکەم و لەوێ کەسێک پێیگوتم کە هەرێم نزیک کاژێر چواری ئێوارە ئازاد دەکرێت، بەڵام دواتر پێیان گوتم کە مامەڵەکانی هەندێک کاری ماوە و رەنگە رۆژی شەممە یان یەکشەممە ئازاد بکرێت."
باوکی ئەو پارێزەرە کە یەکێک بوو لە پارێزەرانی خۆبەخشی ژمارەیەک کەیس و چالاکڤانانی بادینان، دەشڵێت، "ئێمە ئێستا چاوەڕوانی رۆژی شەممە و یەکشەممە دەکەین و پشتیوان بەخوا ئازاد دەکرێت."
هەرێم رەفعەت بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، باوکی دەڵێت، "چەند جارێک چووینەتە سەردانی و گوتوویەتی شتی وای نەکردووە."
رۆژی سێشەممە، 11-10-2022، پارێزەر بەشدار حەسەن، سەرپەرشتیاری تیمی پارێزەرانی خۆبەخش بە رووداوی راگەیاند، "هەرێم لە رانیە داوایەکی یاسایی هەبووە و چووە بۆ ئەوێ؛ کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئاسایشی گشتییەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، "هەرێم رەفعەت لەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکانەوە دەستگیرکراوە و بەبڕیاری دادوەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش دەستبەسەرە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر."
تیمی پارێزەرانی خۆبەخش لە شاری هەولێر لە چەند پارێزەرێک پێکهاتوون؛ دیارترین کاریان وەرگرتنی کەیسی چەند هاونیشتمانییەکی دەڤەری بادینان بوو کە بە ماددەی جیاواز لە دژیان سکاڵا تۆمارکرابوو، بەشێکیان حوکم دران و بەشێکی دیکەشیان کەیسەکانیان یەکلانەبووەتەوە و چەند کەسێکیشیان ئازادکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ