رووداو دیجیتاڵ
بەیانی و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەکی دیاریکراو لە شارەکانی کرماشان، قەسری شیرین، سنە، بانە و دێولان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
محەممەد شەفیعی، قایمقامی قەسری شیرین دەڵێ: لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر پرۆژەیەکی راکێشانی بۆریی ئاو لە جادەی نەوتی شاری قەسری شیرین، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 8ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دووکەڵ لە نزیک سەربازگەی 404ی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە شاری کرماشان بەرز بووەتەوە.
بەهرام سولەیمانی، جێگری پارێزگاری کرماشان، وێڕای پشتراستکردنەوەی هێرشەکانی ئەمڕۆ رایگەیاند، لە زنجیرە هێرشێکی رۆژی هەینیدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی شارەکانی کرماشان و کەنگاوەر، 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و 56 کەسیش برینداربوون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند ناوچەیەک لە شارەکانی سنە، بانە و دێولان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرابوونە ئامانج.
بەگوتەی عەلی ئەکبەر وەرمەقانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی پارێزگای سنە، لەم هێرشانەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ