رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی دوو درۆن لە سنووری کۆمەڵگەی سێبیرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، سێ مێرمنداڵ بریندار بوون و زیانێکی زۆری مادیش بە ماڵ و سامانی هاونیشتمانییان کەوت.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، دوای ئەوەی دوو درۆن لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە لە ئاسمانی ناوچەکە پێکران، پاشماوەکانیان لەنێو کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر کەوتنە خوارەوە. لە ئەنجامدا سێ مێرمنداڵ بە پارچە بریندار بوون، کە ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.
زیانە مادییەکان لە دوو شوێنی جیاواز بوون؛ لە شوێنی یەکەم زیان بە سێ ماڵ کەوتووە و دەڕاسەیەک و تراکتۆرێک سووتاون. لە شوێنی دووەمیشدا زیان بە دوو ماڵی دیکە کەوتووە و ئۆتۆمبێلێکیش سووتاوە.
خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەی زیانیان بەرکەوتووە بە رووداوی گوت: "کاژێر 12:10ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو درۆن هاتنە ئاسمانی سێبیران، دوای ئەوەی لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندران، پاشماوەکانیان کەوتە ماڵی ئێمە."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "ماڵ، تراکتۆر، دەڕاسە و بارهەڵگرەکانمان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، ماڵەکانی دەوروبەریشمان زیانیان بەرکەوتووە و سێ مێرمنداڵی دراوسێکانیشمان بریندار بوون."
لەبارەی دۆخی دەروونیی منداڵەکانیان، ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دەنگی تەقینەوەکانەوە منداڵەکانیان تووشی ترس و دڵەراوکێ بوون و گوتی: "داوا لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بێنە سەر هێڵ و گوشار لە حکومەتی عێراق بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بەم هێرشانە بێنن."
هەروەها باسی لەوەشکرد، درۆنەکان لە ئاراستەی مووسڵەوە هاتوون و "بە کامێرا و ڤیدیۆش کاتی هاتنیان دیارە و بە ئاشکرا دەبینرێن کە چۆن دێن و دەتەقنەوە."
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا بە 521 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ