رووداو - بەرواری باڵا
سێ ساڵە تورکیا دار لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان دەبڕێت و دەیبات. چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی ئەو ناوچانەی کە داریان لێ دەبڕێت دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون و بەدواداچوونیان بۆ دەکات. موختاری گوندی نزور کە دوایین گوندە لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان لە سنووری زاخۆ، دەڵێت، تورکیا چەندین ساڵە دار لە دارستانی گوندەکەیان دەبڕێت؛ ئێستاش دەستی بە دروستکردنی دوو رێگە کردووە لە سنووری زاخۆ و ئامێدی بەرەو زناری کێستە و دەڕاڕ.
تاریق عیسمەت، موختاری گوندی نزور دەڵێت "ئەمە دەکەوێتە پارێزگای شرناخ لە قەزای ئۆلۆدەر و قەراخی بەیتوشەباب لە ناوچەی عەشیرەتەکانی قەشیر و گۆیی.. من بە چاوی خۆم بینیومە کاتێک دارە بڕاوەکانیان لەسەر رێگە کۆکردووەتەوە و بارکردووە. ئێستا دوو رێگەی دیکەش دێنن، یەکێکیان لەسەر خابوور، ئەوی دیکەشیان لەپشت چیای زناری کێستەوە بە قەراخ گوندی هرور تێدەپەڕێت".
رووداو لەگەڵ کوردێکی باکووری کوردستان لە پارێزگای شرناخ قسەی کرد، ئەو گوتی "لە راست گوندی ئۆرە تاوەکو هرور و دەگات بە نزور، بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو حەفتانین، لەو ناوچانە شەش تاوەکو حەوت رێگە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن. لە ناوچەی باڤێ نزیک گوندی نزور، ئێمە داربڕەکانمان بینی کە دارێکی زۆریان بڕیبوو، کەسوکاری ئێمەش هاتن ئەوەیان بە چاوی خۆیان بینی کە دارەکانیان چۆن بۆناو تورکیا گواستەوە".
کارگێڕی ناوچەکە سەرقاڵی بەدواداچوونی ئەو بابەتەیە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە دەکەوێتە پشت بنکە سەربازییەکانی تورکیا دەستخستنی زانیاریی تەواو ئەستەمە.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ دەڵێت "پێش دوو بۆ سێ ساڵ ئەم داربڕینە هەبوو لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان، چونکە رێگەیان بۆ ئەو ناوچانە دەکردەوە، بەڵام لەدوای ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی تورکیا، رێگە بۆ رەبایەکانیش دەبات، بەو هۆیەشەوە دارەکانی سەر رێگەکە و دەوروبەری دەبڕێت، بەڵام بۆ پشتڕاستکردنەوەی کە چەند دار بڕدراون، لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادارکردووەتەوە تاوەکو لەوبارەیەوە دڵنیابینەوە".
تورکیا لە ساڵی 1992 یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەدژی پەکەکە لەناو خاکی باشووری کوردستان دەستپێکرد، تاوەکو ئێستا پێنج بنکە و 38 خاڵی سەربازیی لە سنووری قەزای زاخۆ و ئامێدی دروستکردوون. چڕنووکی برووسک دوایین ئۆپەراسیۆنیەتی کە لە 23ی نیسانی 2021 لە دەڤەری بەرواری باڵا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش جگە لە چۆڵبوونی پێنج گوند، زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم دارستان، رەز و باخ سووتاون و لەنێوچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ