رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک بەهۆی تەقینەوەی مین قاچی راستی لەدەستدا و چەند شوێنێکی جەستەشی بریندارە، بەوەش دەبێتە چوارەم کەس ئەمساڵ لە پارێزگای هەولێر بەهۆی مینەوە بریندار دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 31-5-2023، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 3ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک بەناوی وەلی قادر حوسێن کە تەمەنی 45 ساڵە و مامۆستایە و خەڵکی گوندی گوندەزۆری سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەرانە، لە کوێستانەکانی گوندی زینوێ مینێکی پێدا تەقیوەتەوە و بەوهۆیەوە قاچێکی لەدەستداوە."
بەگوتەی عەلی عەبدولڕەحمان، ئەو کەسە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە چووەتە ئەو ناوچەیە، ئەو مینەشی پێیدا تەقیوەتەوە مینێکی کەسی بووە.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە ساڵی 2023دا تاوەکو ئەمڕۆ چوار کەس بەهۆی مینەوە برینداربوون و یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین؛ 255 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە رووبەری خاکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیسبوون و دەبێت پاکبکرێنەوە، رێژەی 60٪ـی مین و پاشماوە جەنگییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و 40٪ــیشیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک.
هەروەها تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 557 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و پاشماوە جەنگییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی 6 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەیان برینداربوون و هەندێکیشیان نیڤشکان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ