رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر، سەرۆکی حیزبەکە بە جیا سەردانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد، ئەندامێکی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵیش دەڵێت، "لە سەرەتای دروستبوونی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بە تەلەفۆن بەردەوام گفتوگۆی لەگەڵ هاوسەرۆکاندا کردووە." بافڵ تاڵەبانیش رایگەیاندووە، گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای رزگاربوون بووە لە "دەستەگەری و بەرژەوەندیی شەخسی."
ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەری بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و محەممەد حەکیم، رێبوار حەمەد، یاسین حەسەن و فارووق عەلی، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە جیا سەردانی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد.
فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی کۆمەڵ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئامادەبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەی شاندی کۆمەڵی دادگەریی سەرەتا بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆبووینەوە، دواتریش سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیمان کرد."
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەشەوە، فارووق عەلی رایگەیاند، "کۆمەڵی دادگەریی مەبەستییەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پتەوی بمێنێتەوە و ئەمە ئامانجی سەرەکی بووە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەشکرد "مامۆستا عەلی باپیر، لە سەرەتای دروستبوونی گرفتە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەردەوام بە تەلەفۆن لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکان قسەی کردووە و هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەی داوە، لەم کۆبوونەوەیەشدا جەختی لەسەر هەوڵەکان کردووەتەوە."
لەدوای دروستبوونی کێشەکان لەنێوان هاوسەرۆکانی یەكێتی، ئەمە یەکەم دیداری نێوان سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و هاوسەرۆکانی یەکێتییە.
نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی باپیر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "هەردوولا بە گرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانییان کردەوە بە ئاراستەی لێکنزیککردنەوەی زیاتر و هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی. هاوڕابوون کە ئەم قۆناخە وادەخوازێت ماڵی کورد رێکبخرێتەوە و دوای هەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار برەخسێندرێت بۆ کاری پێکەوەیی تاوەکو هەموو لایەنەکانی کورد لە چوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی لەبەغدا پێکەوە یەک پەیامی کوردستانی بگەیێننە عێراق و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەبوون. راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق کرا و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو."
هەر لەکۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوەکە، "بەوردی باس لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرا و بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی دەربارەی گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، رێڕەوی حیزبیی یەکێتی لەسەر شاڕێیەکی تەندروستی رێکخراوەییە و درێژە بە هەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێنەوە. بە گیانی لێبووردەییەوە لەگەڵ هەمووان پێکەوە درێژە بەخەبات دەدەین لەپێناو کوردستانێکی بەهێزتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان."
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتیی نێو یەکێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی. بەم هەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەهیدان و تێکۆشەرانمان لە هەڵدێر پاراست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ