رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی لەبارەی کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل بۆ بریکاری وەزارەتەکەیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو دوو خانووە موڵکی حکومەتن و بەناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون."
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە رۆژی 5ـی تەممووز بە واژۆی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بە ناونیشانی فەرمانی وەزاری بڵاوکراوەتەوە، دوو خانوو بە بەهای ملیارێک و 278 ملیۆن دینار و 550 هەزار دینار، بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراوە لە فیوچەر ستی لە شاری هەولێر، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە لە روونکردنەوەیەکدا کە رۆژی دووشەممە 31-07-2023 بڵاوکراوەتەوە، رەتیدەکاتەوە کە ئەو دوو خانووە بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کڕدرابن.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو دوو خانووەی لە نووسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون."
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک تەواوی ئەو خانووانەی دیکە بەکاردەهێنرێن کە "ئێستا وەزیر و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەکاریان دەهێنن."
هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنوێنییەکان کار ناکات، تەواوی ئەو فەرمانە وەزارییانەی کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین."
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، جگە لە کڕینی خانوو، ئەمساڵ ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراون لەناویاندا ئۆتۆمبێلێک دراوەتە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی نووسراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەی نووسراوە فەرمییەکانی وەزارەت و بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکانی میدیاییدا پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە و سەرپێچیکاران لەبەرامبەر یاسادا بەرپرسیار دەبن."
لە نووسراوەکەدا کە بڵاوبووەتەوە هاتووە: "پاڵپشت بە گشتاندنی ژمارە 2ـی ساڵی 2023 تایبەت بە واڵاکردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی 2023، کە بە نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان/ بەڕێوەبەرایەتیی دیراسات و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ژمارە 1949 لە 29-1-2023ـەوە رەمەزاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری/ بەڕێوەبەرایەتیی خەرجییەکان بە نووسراویان (9457 کە 21-6-2023) بڕیارماندا بە راکێشانی بڕی تەنیا ملیارێک و 278 ملیۆن و 550 هەزار دینار لە هەژماری بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی هەرێم؛ دانانی لە هەژمارمان لە بانکی منارە لەژێر ژمارە 230 بە مەبەستی کڕینی دوو خانوو لە فیوچەر سیتی بۆ بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە."
سەرچاوەیەكی باڵاش لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راستە ئەو خانووانە كڕدراون، بەڵام هیچ خانوویەك تایبەت بۆ بریكاری وەزارەت نەكڕدراوە و دەبنە موڵكی وەزارەت، نەوەك بریكاری وەزارەت. سبەی كەسێكی دیكە ببێتە بریكاری وەزارەت، دەتوانێت ئەو خانووانە بەكاربێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ