رووداو دیجیتاڵ
بەبڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی کەرکووک، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک و بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکووک لەسەر کار لادران، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت لەسەر کار لادانیان بەهۆی تەواوبوونی ماوەکەیانە و سزا نییە.
بەپێی بڕیارێکی وەزاری، کە ئەمڕۆ دووشەممە، 31-07-2023 لەلایەن بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراقەوە واژۆکراوە، هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی کەرکووک، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکووک لەسەر کارەکانیان لابراون و سێ کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دانراون.
بەپێی فەرمانە وەزارییەکە گۆڕانکارییەکان بەمشێوەیەن:
- راسپاردنی ئارام عەلی محەممەد، سەرۆکی ئەندازیارانی کشتوکاڵی بە ئەرکی بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەرکووک لە شوێنی ئاری سەیفەددین یەحیا، ئەمەی دوایی دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی بەپێی شایستەی.
- راسپاردنی ئەحمەد عومەر محەممەد شەریف، یاریدەدەری سەرۆکی ئەندازیاران بە ئەرکی بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک لە شوێنی فەرەیدون عادل وەیس، ئەمەی دوایی دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی بەپێی شایستەی.
- راسپاردەنی ئیحسان وەهبی ساڵح، سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو بە ئەرکی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکووک لە شوێنی زاگرۆس جان وەلی، ئەمەی دوایی دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی بەپێی شایستەی.
فەرەیدوون عادل، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 31-7-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی کراوە فەرمانی وەزیرە و گۆڕانکارییەکە بەهۆکاری سزادان یان گەندەڵیی نەکراوە، بەڵکو رێوشوێنێکی یاسایی و کارگێڕییە و هیچ لاریمان لەسەری نییە، ئەو کەسانەشی خراونەتە شوێنی ئێمە کوردن و کەسانی دڵسۆزن."
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک، کە تاوەکو ئێستاش لە پۆستەکەی بەردەوامە، گوتی: "خۆم ماوەیەک پێش ئێستا داوامکرد لەو پۆستە نەمێنم بەهۆکاری تەندروستی و ئەو ماوەیەی خۆشمان تەواو کردووە، من بۆ خۆم لە کۆتایی ساڵی 2019ەوە لەو پۆستەمدام، داواشم لە وەزیر کردبوو لەو کارە بمبەخشێت و ئێستاش کردوویەتی و سوپاسی دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ